خۆم ناوم نوسیووە بۆئەوەی ئەسترازینیکا وەربگرم، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش ڤاکسینی سینۆفارمی وەرگرتووە


د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەم وتووێژەدا دەڵێت” بەداخەوە بەشێوەیەکی نازانستی لەلایەن کەسانێکی نابەرپرس یان ڕاگەیاندنێکی نابەرپرسانە مامەڵەکراوە وەکو بابەتی جیاوازی نێوان ڤاکسینەکان لەبەرئەوەی هەموو ئەو پێکوتانەی دێن، پێکوتەی فەرمیین ولەلایەن وڵاتانی فەرمییەوە ناسێندراوە، وەبەشێوەیەکی فەرمی دەکڕدرێت و بەکاردێت، دەشڵێت” خۆم ناوم نوسیووە بۆئەوەی ئەسترازینیکا وەربگرم بەڕێوەبەری تەندروستی سلێّمانیش ڤاکسینی سینۆفارمی وەرگرتووە.”

“ئەو ژەمانەی ئێستا دەگات دەتوانم بڵێم بڕەکانی سێ هێندە و چوار هێندەی ئەو بڕانەی کە لەڕابردوو گەیشتوونەتە دەستمان “

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی وتی” لەگەڵ هاتنی یەکەم ژەمە ڤاکسین کە هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان پارێزگای سلێمانیش بەپێی ئەو بڕەی بەهەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دانراوە دابەشکراوە ئەمە ڕێژەیەکە دەتوانم بڵێم ئەم دابەشکردنە ڕێژەیەکە بەپێی دانیشتوانە یان شێوازێک لەشێوازەکانی دابەشکردنە کە لەڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەو کۆمەکانەی هاتووە کراوە، لەئێستاشدا بۆ بابەتی ڤاکسین هەمان پێوەر دانراوەتەوە، ئەو بڕەی دەگاتە شاری سلێمانی بێگومان ئەو بڕە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی تێدایە و بڕێکی کەمە، وە پێویستە بڕەکە زیاتر بکرێت و خێراتربکرێت بەدڵنیاییەوە ئەوەی دەبینرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کاری جدییان کردووە، کارەکان خێراترە لەچاو ڕابردوودا.”

د.یاد ئەوەشی وت” ئەو ژەمانەی ئێستا دەگات دەتوانم بڵێم بڕەکانی سێ هێندە و چوار هێندەی ئەو بڕانەی کە لەڕابردوو گەیشتوونەتە دەستمان، جاران نێوانی دوو بڕ کە دەهات کاتێکی دەویست بەڵام ئێستا خێراخێرا ژەمە ڤاکسینەکان دەگات، وە ئەوەی گرنگە ئێمە کار لەسەر ئەوەبکەین هاوڵاتیان هانبدەین زۆرترین هاوڵاتی لەکەمترین ماوە پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرێت.”

” تائێستا نەگەیشتوینەتە ئەوەی کە هاوڵاتی هاتبێت بۆ پێکوتە و بڵێن پێکوتە نەماوە “

دەربارەی ڕێژەی ئەو ڤاکسینەی هاتۆتە پارێزگای سلێمانی؟ وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وتی” دەتوانم بڵێم هێشتا کەمە بێگومان ڕێژەی دانیشتوانەکە زۆر لەوە زیاترە بەڵام بڕیاروایە لەمەودوا خێراتر بێت پڕۆسەکە وە ژەمەکە زیاتربێت بەڵام بیرمان نەچێت گرنگترین خاڵ ئەوەیە تائێستا نەگەیشتوینەتە ئەوەی کە هاوڵاتی هاتبێت بۆ پێکوتە و بڵێن پێکوتە نەماوە، مانای وایە ڕێژەکەی کە دێت بەڕاستی ڕێژەی هاوڵاتیان کەمترە بەڵام هەرچەندە چەند ڕۆژێکە هاوڵاتی ئێستا خێراتر دێن لەچەند ڕۆژی ڕابردوو.”

” یەک بابەت بەداخەوە بەشێوەیەکی نازانستی لەلایەن کەسانێکی نابەرپرس یان ڕاگەیاندنێکی نابەرپرسانە مامەڵەکراوە “

د.یاد نەقشبەندی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەسەر جۆرەکانی ڤاکسین بڵاودەکرێتەوە؟ وتی” یەک بابەت بەداخەوە بەشێوەیەکی نازانستی لەلایەن کەسانێکی نابەرپرس یان ڕاگەیاندنێکی نابەرپرسانە مامەڵەکراوە وەکو بابەتی جیاوازی نێوان ڤاکسینەکان و بابەتی ڤاکسینی فایزەر هاتە ناوەوە کە وایکرد هاوڵاتیان جارێکی تر بکشێنەوە لە بەدەمەوە هاتنی پێکوتە و بگەڕێنەوە لەو بابەتە لەبەرئەوەی بڵێن با پێکوتەی فایزەر وەربگرین کە بەڕاستی ئەمە جێی نیگەرانی هەموو لایەکە لەبەرئەوەی هەموو ئەو پێکوتانەی دێن، پێکوتەی فەرمیین ولەلایەن وڵاتانی فەرمییەوە ناسێندراوە، وەبەشێوەیەکی فەرمی دەکڕدرێت و بەکاردێت.”

“من خۆم دەتوانم بڵێم هەم وەکو وتەبێژی تەندروستی هەم وەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی و هەم وەکو پزیشکێک چەندین کەس تەلەفون دەکات و پەیوەندی دەکات داوای فایزەر دەکەن کە پێشتر هاوڵاتیان بۆ بابەتی ئەسترازینیکا زۆر هاتن بەدەمەوە، ئەوەی دەبینراو هەموو کەسێک دەیبینێت لە ڕاگەیاندنەکانەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی سەردانی بنکەکانی دەکرد بەڵام بابەتی ئەسترازینیکا هەندێک هەڵای ڕاگەیاندنی لەسەرکرا و هەندێک حاڵەت باسکرا لە وڵاتان بابەتەکەش لێرە بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی شتەکە گەورە کراو وایکرد هاوڵاتی ساردبێتەوە و ترسێکی لەلا دروستبێت بەڵێ ئێستا هاوڵاتی زۆربەی داوای ڤاکسینی فایزەر دەکات، زۆرکەس پەیوەندی دەکات فایزەر چۆنە کە بەڕاستی ئەمە بابەتێکە ئەم شێوازی کارکردنە لەسەر بابەتی ڤاکسین ئەوەی زیانمەند دەبێت هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستانە.”د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وایوت”

“خۆم ناوم نوسیووە بۆئەوەی ئەسترازینیکا وەربگرم … بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش ڤاکسینی سینۆفارمی وەرگرتووە “

وتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دووپاتیکردەوە جیاوازی لەنێوان جۆرەکانی کۆرۆنا دژ بەکۆرۆنا نیە لەوڕووەوە دەڵێت” هیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان ڤاکسینەکان، دکتۆر سەباح بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی کە ڤاکسینەکەی وەرگرت سینۆفارمی وەرگرتووە من خۆم ناوم نوسیووە بۆئەوەی ئەسترازینیکا وەربگرم چونکە زۆرکەس لەپێش ئێمەوە بووە لە ئەسرازینیکا هەر لەپێکوتەکەدا من وتەبێژێکم بەڵام ئەوەی نەخۆش دەبینێت و ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی هەیە لە سەنتەرێکی کۆرۆنادا لەپێش منەوە پێویستتر بووە منیش ناوم نوسیووە ئەوە وەردەگرم و هیچ جیاوازییەک وەکو پزیشک و بەرپرسانی تەندروستی نەبووە.”

د.یاد نەقشبەندی وتیشی” زۆربەی تەندروستی ئێمە لەهاتنی یەکەم وەجبەی کۆرۆنا خۆیان کوتا بۆئەوەی دڵنیایی بدەین بە هاوڵاتیان و یەکەم کەسیش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بووە زۆرترین ستافی تەندروستی ڤاکسینی ئەسرازینیکایان وەرگرتووە من خۆم لە نەخۆشخانەی (هیوا)م زۆربەی ئەوانەی کە لەگەڵمدان هاوڕێکانمان وەریانگرتووە هەموومان ناونوس کراوین بەپێی وەجبە وەجبە.”

من دەتوانم بڵێم ئەو گرفتە کاربکرێت هۆشیاری تەندروستی تاک لەسەر وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا زیاتربکرێت، وە ئەو دڵنیاییە بدرێت کە سەد لەسەد وەرگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا زۆر زۆر باشترە لە وەرنەگرتنی ئەمە گرنگە.”

“هیچ حاڵەتێکی خراپ یا خوێن مەیین بەهۆی ڤاکسینەکەوە لەسلێمانی ڕووینەداوە”

د.یاد نەقشبەندی ئەوەشی ڕاگەیاند” تائێستا هیچ حاڵەتێکی لاوەکی قورس بەهۆی پێکوتەی کۆرۆناوە نەبووە بێگومان هەموومان دەزانیین مناڵیش لەمناڵیدا هەموو جۆرە کوتانەکانی تر بەپێی دەفتەر وەردەگرێت هەندێک مناڵ جاری واهەیە توشی تا دەبێت، هەندێک مناڵ شوێنەکەی سوور دەبێتەوە، هەندێک مناڵ شەو ئازاریان دەبێت، هەندێک مناڵیش نایانبێت ئەوە شتێکی واریدە بەڵام ئەوە ناگەیەنێت مناڵەکە نەکوترێت، هەمووکەس ئەوە دەزانێت، پێکوتەی کۆرۆناش هەمان شتە، حاڵەتەکانیش کە باسکراوە لە هەندێک وڵات بۆنموونە لە وڵاتێکدا نزیکەی 20 ملیۆن زیاتر پێکوتەیان وەرگرتووە و چەند حاڵەتێک هەبووە کە باری تەندروستیان تێکچووە و حاڵەتی لەناکاوی بووە کە تائێستاش بەشێوەی فەرمی یەکلایی نەکراوەتەوە لەو 20 ملیۆنەی چەند حاڵەتێکی تێدابووە پەیوەندی بەپێکوتەکەوە هەبووبێت، بۆیە گرنگە هاوڵاتیان دڵنیابن لەوەی کە دەبێت پێکوتەی کۆرۆنا هەر وەربگرن.”

” ڕەنگە ئێرەش لەلایەن حکومەتی هەرێم و ڕەنگە بەشێوەیەکی گشتی حکومەتی عێراقی وابکرێت کە دەبێت هەموو هاوڵاتیەک پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرێت “

سەبارەت بەوەی ئایا وەرگرتنی ڤاکسین دەکرێتە ئیجباری لەهەرێم وەک ئەو دەنگۆیە لەعێراق باس دەکرێت؟ لەوەڵامدا د.یاد نەقشبەندی وتی” ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەتا بکرێت بەبەرزکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی هاوڵاتیان و بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکان و هاندانیان لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لەبابەتەکە بکرێت ئەوە زۆر زۆر گرنگە بۆ ئێمە بێگومان ئەوەی کە دەکرێت و دەبینرێت لە وڵاتان قۆناغ بەقۆناغ ئیجبار دەکرێت ڕەنگە ئێرەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەنگە بەشێوەیەکی گشتی حکومەتی عێراقی وابکرێت کە دەبێت هەموو هاوڵاتیەک پێکوتەی کۆرۆنا وەربگرێت جا بەهەر ڕێگایەک لەڕێگاکان بێت.”

“لەگەڵ ئەوەم کە دەبێت پێدانی پێکوتە ئیجباری بێت “

د.یاد نەقشبەندی دەشڵێت” من لەگەڵ ئەوەم کە دەبێت پێدانی پێکوتە ئیجباری بێت چونکە ناکرێت من خۆم کوتیبێت و کەسێکی تر و دوانی دیکە خۆی ناکوتێت دیسان کارەساتی کۆرۆنا ڕووبداتەوە، من خۆم کوتیبێت و دڵنیابم لەوەی کە بەرگری لەشم هەیە دڵنیام هەرکەسێک کە پێکوتەکەی وەرگرتبێت ئەم هەستەی هەیە، هەستدەکات ئیتر ئەو لەمەودوا دەتوانێت بچێتە شوێنی گشتی دەتوانێت سەفەر بکات دەتوانێت بگەڕێت ناکرێت لەبەرئەوەی کەسانێک پابەندنابن بەوەرگرتنی پێکوتەوە هەتا ماوە ئێمە نەتوانیین ژیان ئاسایی بکەینەوە، خۆ هاوڵاتی لەولاوە شەڕی ئەوە دەکات دەڵێت دەبێت ژیان ئاسایی بێت لەبەرئەوەی گوزەرانم هەیە باشە ئەگەر ئەوان مەعیشەت و گوزەرانیان دەوێت ئێمەش خەمی تەندروستیەکەمانە وەرن پێکوتەکە وەربگرن بۆئەوەی ئێمەش بتوانیین ڕێگە بدەین ژیان ئاسایی بێتەوە هەم مەعیشەت و هەم تەندروستی منیش وەکو هاوڵاتیەکی ئاسایی کە پێکوتەم وەرگرت بەمافی خۆمی دەزانم ئەگەر کەسێک پێکوتە وەرنەگرێت ئیجباربکرێت ئیجرائات بکرێت بەشێوازێک لەشێوازەکان کە بگونجێت لەگەڵ هەموو کەسێک.”

“ئەگەر هەموو هاوڵاتیان ڤاکسین وەربگرن دەتوانرێت وردە وردە ژیان ئاسایی بکرێتەوە”

د.نەقشبەندی تەئکیدی لەوەکردەوە” بێگومان ئەگەر هاتوو هەموو هاوڵاتیەک پێکوتە وەربگرێت کە سەد لەسەد دڵنیابین هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێکوتەیان وەرگرتووە بێگومان دەتوانرێت وردە وردە و قۆناغ بەقۆناغ ژیان ئاسایی بکرێتەوە پێشتر پێکوتە نەبووە دەمانوت ماسک ئەگەر پێکوتە هەبێت دەتوانیین بڵێن ژیان ئاسایی دەکەینەوە.”

“دۆخی کۆرۆنا لەئێستادا ئەوە نییە بوترێت ئێمە پاڵمان لێداوەتەوە دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە “

د.یاد نەقشبەندی جەختی لەمەترسی دۆخی کۆرۆنا کردەوە و وتی” بەشێوەیەکی گشتی بمانەوێت و نەمانەوێت دۆخی کۆرۆنا لەئێستادا ئەوە نییە بوترێت ئێمە پاڵمان لێداوەتەوە و هیچ کێشە نییە، لەئێستادا ڕێژەی ئەوانەی لەناو نەخۆشخانەدایە 113 حاڵەتە نزیکەی 33 حاڵەتی لەبەشی چاودێری چڕدایە، وە 13 حاڵەت لەژێر ئامێری (سی پاپ) دایە واتە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت بوترێت نزیکەی 33 حاڵەت باری تەندروستیان ناجێگیرە و 13 حاڵەتیش شەڕی مەرگ و ژیان دەکات مانای وایە دۆخەکە هێشتا مەترسیدارە تاکە چارەسەر کە چەکی سەرکەوتنە و هاتۆتە دەستمان کوتانە ناکرێت ئێمە دیسان کوتانیش بەئاقارێکی هەڵەدا بەرین.


Source link

About Hooshyar

Check Also

Pêketiyên Korona, (177,937,251 ) milyon derbas kir

Pêketiyên Korona, (177,937,251 ) milyon derbas kir Source link

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *