عێراق لە بەردەم هەڵبژاردنێکی پڕ لە کێشمەکێشدا


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەتا دێت ململانێی نێوان لایەنەکان توندتر دەبێت، ئاڵۆزی زیاتر ڕوو لە ناوچە جیاجیاکان دەکات، هۆکاری ئەمەش بۆ هەوڵی کوتلە و لایەنەکان بۆ لاوازکردنی یەکتری و خۆبەهێزکردن دەگێڕدرێتەوە.

بڕیارە لە 10 تشرینی یەکی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق ئەنجام بدرێت، هەتا ئێستا سەرووی 400 حیزب و کوتلە و بەسەدان کاندیدی سەربەخۆ، ناوی خۆیان بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەکە تۆمارکردووە، تا لەسەر329 کورسی پەرلەمانی ڕکابەری یەکتری بکەن.

لە ئێستاوە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر بووە، هێرشە چەکداریەکان زیادیان کردووە، تۆمەت و تۆمەتبارکردنی نێوان لایەنەکان پەرەی سەندووە، ئەم پێشهاتانەش بۆ نزیکی هەڵبژاردن و ململانێی نێوان لایەنەکان دەگێڕدرێتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات ململانێی نێو ماڵی شیعە بەتایبەت نێوان فەتح و سائیرون، یاخود سائیرون و کوتلەکانی تر زۆر تۆخە، لە ئێستاوە قسە لەسەر ئەوەدەکرێت پۆستی سەرۆک وەزیری داهاتوو لەسەر حسابی لایەنێک بە لایەنێکی تر دەدرێت، دەڵێت”بازنە بازنەیی هەڵبژاردن وادەکات، هەڕەشەی گەورە بێتە ئاراوە، هەر لە کوشتن و تۆقاندن و دەنگ کڕین بۆ یەکلایی کردنەوەی هەڵبژاردن.”

جەختیشیکردەوە”ململانێی نێو شیعە گەیشتووەتە ئاقاری توند، خەریکە پەرە دەسێنێت بۆ تێوەگلانی پێکهاتەکانی تر، بەتایبەت سەرهەڵدانی مەسەلەی دەرکردنی ئەمەریکا و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان، هەموو ئەوان بەشێکن لە ململانێی نێوخۆی شیعە و پەیوەندیدارن بە هەڵبژاردنەوە، گەر ئەم ریتمە بەردەوام بێت، هەڵبژاردن لەبری بردنی عێراق بەرەو سەقامگیری، بەرەو ئاڵۆزی دەیبات.”

هەر لەسەرەتاوە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت جێی مشت و مڕی نێوان لایەنەکان بوو، هەرچەندە 10 ی تشرینی یەکەم بەڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکراوە و هەموو لایەنەکان لەئێستاوە ئامادەکاری دەکەن، بەڵام هێشتا بەشێک لە لایەنەکان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەکە نین لە وادەی دیاریکراودا.

چاودێریکردنی هەڵبژاردن و ترسی لایەنەکان لە ئەنجامدانی ساختەکاری، بەتایبەت زۆرێک لە هێزەکان خاوەنی چەک و پارەن، مشت و مڕی زیاتری هێناوەتە ئاراوە،بەشێک لە لایەنەکان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەن، بەڵام هێزە چەک بەدەستەکان ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، داوایان لە 75 وڵات و ڕێکخراو کردووە، تا چاودێری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بکەن.

نوری مالکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ڕاگەیاند: ترسیان هەیە لەسەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیەوە، بەڵام پێشوازی دەکەن لە چاودێری کردنی پرۆسەکە لەلایەن لایەنی نێودەوڵەتیەوە.

ئەمین بەکر ڕاوێژکار لە پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت”چاودێریکردن یاخود سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، جەدەلێکی گەورەی سیاسی هێناوەتە ئاراوە، بەشێک دەیانەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و بەشێکی تریشیان داوای چاودێری دەکەن، نەک سەرپەرشتی کردن.”

لە ئێستاوە تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ململانێکە لەسەر پرۆسەکە و دەنگ هێنانی زۆرە، بەڵام دواتر ئاراستەی ململانێکان دەگۆڕدرێن بۆ هاوپەیمانێتی کردن و پێکهێنانی کوتلەی گەورە، ئەمەش لە پێناو دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەت دا.

سستمی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بازنەکانی هەڵبژاردن بچوک کراونەتەوە و شێوازی هەڵبژاردنیش گۆڕدراوە بۆ تاکە کەسی، کە بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ئەم سستمە لەبەرژەوەندی کوتلەو هێزە گەورەکان و بەزیانی کوتلە بچوکەکان دەشکێتەوە، هەروەک جەخت لەسەر ئەوەشدەکەنەوە بچوکی بازنەکان، پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ دوای هەڵبژاردن قورس دەکات.

هۆشیار عەبدوڵا، ڕوونیکردەوە بوونی چەک لەدەرەوەی یاسا و لای میلیشیاکان، بوونی پارە لای حیزب و کەسەکان، بوونی ئەجێندای دەرەکی، ڕێگر دەبن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێ گەرد، وتی”هەڵبژاردنی داهاتوو، هیچ شتێک لە هاوکێشەی سیاسی عێراق ناگۆڕێت، هەڵبژاردن تەواو دۆخی عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە، کوتلە سیاسیە گەورەکان ئەوانەی چەک و پارەیان لایە، جارێکی تر شانۆی سیاسی عێراق کۆنترۆڵ دەکەن.”

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ شەقامی عێراقی گرنگی خۆی هەیە، کە لە هێزە حوکمڕانەکان توڕەو نیگەرانە، دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە تۆڵەیان لێ بکاتەوە، لەبەرامبەریشدا هەوڵی هێزەکان بۆ پاراستنی پێگەیانە، بۆیە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق جۆرێک لە تەحەدای نێوان شەقام و هێزەکانیشی تێدایە، شەقام گۆڕانکاری دەوێت و هێزەکانیش کار بۆ مانەوە و نائومێدکردنی شەقام دەکەن.


Source link

About Hooshyar

Check Also

Li Pazarcixê jinek hate kuştin (Anfkurdi)

Li navçeya Pazarcixê ya Meraşê li taxa Ahmet Bozdagê Erdal Bozder, Gulendam Gozu kuşt, ku …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *