پێشبینی ده‌كرێت عیراق به‌ره‌و وشكه‌ساڵی بڕوات

شاره‌زایه‌كی بواری ژینگه‌، پێشبینی ده‌كات عیراق چه‌ند ساڵێك رووبه‌ڕووی وشكه‌ساڵی ببێته‌وه‌و ره‌نگه‌ 5 ساڵ له‌سه‌ریه‌ك به‌رده‌وام بێت.

د.شوكری ئه‌لحه‌سه‌ن، شاره‌زای بواری ژینگه‌،له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ  PUKmedia رایگه‌یاند: وه‌ك ئاشكرایه‌، وه‌رزی وشكه‌ساڵی به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌واوه‌ كه‌به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهاندا دێت رووده‌دات، وه‌ك بینیمان دوو ساڵ پێش ئێستا، واتا ساڵانی 2018-2019و 2019-2020، ساڵانی لافاو بوو له‌عیراق، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌دوای ئه‌و ساڵانه‌ی لافاو، عیراق چه‌ند ساڵێك رووبه‌ڕووی وشكه‌ساڵی ببێته‌وه‌و ره‌نگه‌ 4بۆ 5 ساڵ زیاتر بخایه‌نێت.

ئه‌لحه‌سه‌ن راشیگه‌یاند: گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا رۆڵ ده‌گێڕن له‌ جووڵاندنی فشاره‌كانی هه‌وا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بڕی باران كه‌مبێته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌دا تێبینیمان كرد، ئه‌وه‌ش له‌داهاتوودا كاریگه‌ری له‌سه‌ر روودانی شه‌پۆلی وشكه‌ساڵی دروست ده‌كات، وتیشی: به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌، ئاستی ئاو داده‌به‌زێت و ئه‌وه‌ش بڕی خوێ و ماده‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌رووباره‌كاندا زیاد ده‌كات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆنگاوه‌كانی باشووری وڵات دروست ده‌كات، كه‌ به‌ناوچه‌یه‌كی پارێزراوی سروشت و میراتێكی جیهانی داده‌نرێت و ته‌سكبوونه‌وه‌ی ڕووبه‌ره‌كه‌ی، عیراق له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا تووشی ئیحراج بوون ده‌كات.

شاره‌زاكه‌ی بواری ژینگه‌ نیگه‌رانی خۆشی ده‌ربڕی له‌به‌رامبه‌ر خراپی ئیداره‌دانی ئاو له‌وڵات، له‌كاتێكدا كه‌ عیراق خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوه‌، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان خۆی له‌ به‌هه‌ده‌ردان و سه‌رپێچی له‌پشكی ئاوو نه‌بوونی پرۆسه‌یه‌ك بۆ رێكخستنی ئاو ده‌بینێته‌وه‌، ئاماژه‌شیدا به‌بوونی هۆكارگه‌لێكی تر كه‌ ره‌وشی ووشكه‌ساڵی سه‌ختتر ده‌كه‌ن.

ئه‌لحه‌سه‌ن دووپاتیشی كرده‌وه‌، پێویسته‌ عیراق چاوپخشێنێته‌وه‌ به‌ پلانه‌كانی له‌دۆسیه‌ی ئاوداو هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و دروستكردنی به‌نداوو گه‌نجینه‌ی زیاتر بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت زاڵبێت به‌سه‌ر قه‌یرانی وشكه‌ساڵی و كه‌مئاوی و دۆخه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی فشار بخرێته‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ عیراق زیاد بكرێت، ئه‌لحه‌سه‌ن روونیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌قۆناغێكی لاوازدا تێده‌په‌ڕێت و ئامرازێكی واشی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ كه‌بتوانێت فشار له‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ دروستبكات تاوه‌كو ئاوی زیاتر به‌ربده‌نه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ نه‌بوونی رێككه‌وتن وسه‌قامگیری سیاسی له‌ وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

PUKmedia  تایبه‌ت


Source link

About Hooshyar

Check Also

Musa Barzencî; Jimmy Carter jiyaneke normal dijî

Musa Barzencî; Jimmy Carter jiyaneke normal dijî Source link

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *