ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر کۆرۆنا و خوێندن لە هەرێمی کوردستانی عێراق


لیژنەی باڵای ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن دەركرد و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت حكومەت بڕیار دەدات بەبێ ئەوەی پەرلەمان بە مەرجەعی خۆی بزانێت.

بەهۆی تووشبوون و گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكاران و مامۆستایان و توێژی جیاجیا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا بڕیاریدا دەوامی قۆناغەكانی 1 و 2 ی بنەڕەتی و 12 ی ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2020/12/1) ڕابگرێت، پەرلەمانتارێكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری بریاری ئەمرۆ نەبوونە چونكە لەم خولەدا حكومەت هیچ گرنگیەك بە پەرلەمان نادات و ئەوانیش وەك پەرلەمانتار لە میدیا ئەو بریارەیان بیستووە، خوێندكارێكی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی دەڵێت ئەوان لە ناو قوتابخانەدا تیكەڵی یەكتر دەبوون و بەشێكی زۆر لەو خوێندكارانەش پابەندی ڕێنوماییە تەندروستییەكان نەدەبوون و گەر كەسێكیش كۆرۆنای هەبووایە كەس نەیدەزانی.

دكتۆر ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند “بڕیارەكە بۆ سەلامەتی هەموو لایەكە و لەبەر زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون لەنێو قوتابیان و مامۆستایان و ڕێژەی تووشبوون لەناو كۆمەڵگا، بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیارە خراپ نییە و باشە، كە تا 1 ی 12 دەوام رابگیرێت وپاش ئەو مانگەش هەڵسەنگاندنی نوێ دەكرێت و بڕیار لەسەر بەردەوامبوون یان ڕاگرتن دەدرێت.”

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەکات تاوەكو ئێستا لە ئارادا نییە بەڵام لە ڕۆژانی تر ئەگەر شتێك ڕووبدات ئەوە هەركات و بریاری خۆی هەیە.

ئەو بڕیارانەی كە دەدرێن تا چەند پرس و ڕاوێژ و سەرنج و تێبینیەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت و ئایا ڕۆڵی پەرلەمان لە دەركردنی ئەو بڕیارانەدا چییە ؟

هەلز بۆتانی ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند: لە سەرەتای مانگی نۆ وەك لیژنەی پەروەردە هەموو پێشنیارەكانی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دواتر بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە مەعنیەكان كردووە بەڵام دیارە ئەو پێشنیارانەی كە پێشكەشیان كردووە جیاوازبوونە لەوانەی كە بریاری لەسەردراوە بە تایبەتی بریاردرا كە قۆتابخانەكان بە چەند قۆناغێك بكرێنەوە بە هیچ شێوەیەك ئەو وەك ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا نەبووە چونكە پێشنیاریان كردووە كە مانگێك دوابخەن و بڕیار نەدەن و سەیری بارۆدۆخی گشتی كۆرۆنا لە هەرێم بكرێت دواتر لیژنە تایبەتمەندەكان بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی سەیری ئەوە بكرێت كە چ ڕێكارێكی تر دابنرێت بەڵام جێگای داخە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەبووە كە بەو شێوەیەی ئێستا خوێندن دەست پێبكاتەوە و دیارە لەو بڕیارەشدا سەركەوتوو نەبوون.

لایەنە مەترسیدارەكەی ئەو ڕاپۆرتانەی كە بەدەست وەزارەتی تەندروستی گەیشتوون چی بوون؟

ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت” لایەنە مەترسیدارەكە ئەوەیە لە پاش كردنەوەی قوتابخانەكان بەدڵنیاییەوە مامۆستا و قوتابی هەیە تووشی كۆرۆنا بووە هەرچەندە بنكەیەكی تایبەت لە هەموو شارەكان هەیە بۆ پشكنینیان و ئەوەش دەریخستووە كە ڕێژەی تووشبوونیان زیادیكردووە و مامۆستايانيش وەكو كەسانى تر لە دەوامن بەڵام هی ئەوان زەحمەتترە چونكە ئەو كەسانەی ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن زەحمەتە بتوانێت خۆپارێزی بكات، ئێمەش ئەوەمان كرد تا بتوانین ڕێژەكە كەمبێتەوە و درێغی ناكەین لە بریاردان لەسەر ئەو بابەتە و بریارەكە هی لیژنەی باڵایە و بارۆدوخەكەش بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا یەكی دوازدە.

هەلز بۆتانی دەڵێت” ئێمە وەك پەرلەمان و پەرلەمانتار بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری بریاری ئەمرۆ نەبووينە و حكومەتیش لەم خولەدا هیچ نرخێك بە پەرلەمان نادات كە بكاتە مەرجەع و پەرلەمانیش ئەو دەسەڵاتە بە خۆی نادات لێپرسینەوە لەگەڵ لایەنی جێبەجێكار بكات و ئێمە ئاگامان لەوە نییە كە چ بریارێك دەدرێت وەكو كەسانی تر لە میدیا گوێبیستی ئەو بریارانە بووينە، گلەیی و پێشنیار و رێكاری جیاوازمان هەیە بەڵام دیارە لە نێو لیژنەكانیشدا بە زۆرینە تێیدەپەرێنن و ناخرێتە بەرنامەی كار ئەمە واقعێكی تاڵی پەرلەمانی كوردستانە لەم خولەدا و لایەنی جێبەجێكاریش كە ئەنجومەنی وەزیرانە لەگەڵ وەزارەتەكان بەو ئاستە سەیری ڕۆڵی پەرلەمان ناكات كە لێپرسینەوەی لێ بكرێت بۆیە بریار دەدات بەبێ ئەوەی پەرلەمان بە مەرجەعی خۆی بزانێت.

شاكێو حەمەدەمین قوتابی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی كەسنەزانی ئێواران سەبارەت بە چۆنیەتی دەوامی ئەوان لە نێو قوتابخانە و تێكەڵبوون و تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی و پابەندبوونیان بە رێنماییە تەندرۆستیەكان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند : زۆربەی هەرە زۆری قوتابیەكان پابەندی رینماییە تەندروستیەكان نەدەبوون، بیست تا بیست و پێنج قوتابی لەناو پۆلێكدا بوون و ئەوەی كە كۆرۆناشی هەبووایە كەس نەیدەزانی دەهاتە ژوورەوە و لەگەڵ ئەوان هاتووچۆی دەكرد و لەكاتی لێدانی زەنگی قوتابخانەكەشدا تێكەڵی یەكتر دەبوون.

شایەنی باسە لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چەند بڕیارێکی دەرکرد لەوانە

دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت و قۆناغی 12 ی ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی “نائیلزامی” سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی وەربگرن و قۆناغی 3 ی بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن هەروەها سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نیە و ژمارەی قوتابی وخۆیندکارانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت و دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و هەروەها دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

لە زانكۆ وپەیمانگەکان بۆ بەشە زانستییەکان وکۆمەڵەی پزیشکی، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) تا رۆژی (2020/12/1) وەك خۆی بەردەوام دەبێت. لە زانكۆ وپەیمانگاکان بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی ئاوێتە ڕێژەی هەرەزۆری بە ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو بەشە زانستییانەی كه پێویستیان بە تاقیگە هەیە، تا رۆژی (2020/12/1) خوێندنیان لە نێو كامپەس دەبێت. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان وپەرستگاکان -مزگەوت وکلێساکان- وپابەندکردنیان بە جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.


Source link

About Hooshyar

Check Also

وێنه‌.. یادی كۆمه‌ڵه‌ی جیۆلۆجی كوردستان كرایه‌وه‌

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یادی 28 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی جیۆلۆجی كوردستان كرایه‌وه‌و له‌مه‌راسیمه‌كه‌شدا ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی كه‌ رۆڵیان …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *