Breaking News

ڕۆژانه‌ له‌شاری هه‌ولێر ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌توشبوون به‌كۆرۆنا تۆمارده‌كرێت


نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێر باس له‌دۆخی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌شاری هه‌ولێر ده‌كات و ده‌ڵێت: ژماره‌ی پێوانه‌یمان تۆمار كرد له‌ هه‌ولێر له‌ هه‌ردوو ژماره‌كه‌ ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی بوو چ له‌تووشبوون به‌كۆرۆنا له‌مردووان به‌هۆی كۆرۆناوه‌، هه‌روه‌ها باسیش له‌ هۆكار و ڕێگرییه‌كانی قایمقامیه‌ت ده‌كات له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌لی پزیشكی و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان.

“ڕۆژانه‌ ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌توشبوون به‌كۆرۆنا تۆمارده‌كرێت له‌شاری هه‌ولێر “

له‌سه‌ره‌تای وتوووێژه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی وتی” ئێمه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر له‌ خراپترین دۆخداین له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بارودۆخه‌ یاخود دروستبوونی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ، په‌یدابوونی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیان به‌ڕاستی پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان نه‌بوون ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ ئێستا له‌لوتكه‌داین ڕۆژانه‌ ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌توشبوون به‌كۆرۆنا تۆمارده‌كرێت له‌شاری هه‌ولێر، چه‌ند ڕێكار و ڕێنماییه‌ك ده‌رچوو، دواترینیان به‌یانی ژماره‌ 46 ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بینین جه‌خت له‌ بابه‌تی خۆپارێزی ده‌كات، له‌ هه‌موو دنیا ئێستا مه‌سه‌له‌ی قه‌ده‌غه‌ كردنی هاتوچۆ بوونی نه‌ماوه‌ به‌ڵام هه‌موو حكومه‌تێكیش مافی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بزانێت قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ ڕێگری ده‌كات له‌ زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ و ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدات.”

” له‌ماوه‌ی 4 ڕۆژدا 200 شوێنمان داخستووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌بێ ماسك چونه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌، هه‌ریه‌ك له‌و شوێنانه‌ش به‌بڕی یه‌ك ملیۆن دینار غه‌رامه‌ده‌كرێن “

نه‌به‌ز عه‌بدولواحید ئاماژه‌ی به‌ناوه‌ڕۆكی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كرد و وتی” ئه‌و به‌یانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ 16 خاڵ پێك هاتووه‌ باس له‌بابه‌تی خۆپارێزی و پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ ده‌كات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌پارێزگاره‌كان و به‌ قایمقامه‌كان دراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌یانه‌، له‌هه‌مووی گرنگتر خاڵی یه‌كه‌مه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ڕێگه‌یان پێ دراوه‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو هاوڵاتیان چوونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ بۆ نموونه‌ ماركێته‌كان، شوێنه‌ بازرگانیه‌كان چێشتخانه‌ و ڕێستۆرانته‌كان، ئه‌گه‌ر ده‌مامكی نه‌به‌ست ئه‌وا خاوه‌نی ئه‌و شوێنه‌ سزا ده‌درێت بۆ ماوه‌ی 10 ڕۆژ شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت هه‌روه‌ها یه‌ك ملیۆن دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت. ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی 4 ڕۆژی ڕابردوو له‌ سنوری شاری هه‌ولێر نزیكه‌ی زیاتر له‌ 200 شوێنمان داخستووه‌ له‌سنوری هه‌ر شه‌ش شاره‌وانی به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونیان تاوه‌كو ئێستا داخراون.”

واته‌ هه‌ریه‌ك له‌و 200 شوێنه‌ به‌بڕی یه‌ك ملیۆن واته‌ 200 ملیۆن غه‌رامه‌تان كردوون؟ له‌وه‌ڵامدا قایمقامی هه‌ولێر وتی” ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌داخراون نه‌كراونه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ له‌كاتی كردنه‌وه‌یان ڕێ و شوێنی یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌گرینه‌به‌ر، به‌پێی به‌یانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رده‌وامین لیژنه‌كانی ئێمه‌، ده‌سه‌ڵاتیشمان پێدراوه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك ئه‌گه‌ر بزانیین مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان هه‌یه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌شوێنه‌كه‌ مه‌ترسیدار بێت، بۆ نموونه‌ بازاڕ بێت یا ماركێتێك و چێشتخانه‌یه‌ك هه‌ر شوێنێك بێت ، ئه‌گه‌ر تێبینیمان كرد قه‌ڕه‌باڵغی پێوه‌ دیاره‌ ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌مان پێدراوه‌ كه‌ شوێنه‌كه‌ی دابخه‌ین.”

” قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی دووره‌ “

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی گشتی له‌هه‌ولێر؟ قایمقامی هه‌ولێر ده‌ڵێت” پارێزگای هه‌ولێر له‌ 10 قایمقامیه‌ت پێك هاتووه‌، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێدراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌موو بڕیاره‌كان یاخود بۆ ده‌ركردنی بڕیاری پێویست بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی هاوڵاتیان ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌شیان پێدراوه‌ كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ سنوری قه‌زاكه‌یان ڕابگه‌یه‌نن قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی دووره‌ ئێمه‌ ئێستا له‌ قۆناغی خۆپارێزیدان هه‌موو دنیاش وایه‌ پێویسته‌ هاوڵاتی، خاوه‌نی شوێنه‌كان، خۆیان بپارێزن، پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن. ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ یاخود پێشێلی ئه‌و ڕێنمایانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ سزا ده‌درێن به‌پێی ئه‌و ڕێنمایی و یاسایانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌.”

” ئه‌وانه‌ی كه‌پێداویستی پزیشكی گران ده‌كه‌ن زیاتر له‌ 50 ملیۆن سزای ئه‌و شوێنانه‌ درا له‌ ده‌رمانخانه‌ وماركێت و كۆگاكانی ده‌رمان “

سه‌باره‌ت به‌ گرانكردنی نرخی ده‌رمان و پێداویستی پزیێكی له‌بازاڕه‌كاندا؟ قایمقامی هه‌ولێر ده‌ڵێت” هه‌ر كاڵایه‌ك هه‌ر شتومه‌كێك ئه‌گه‌ر خواستی له‌سه‌ر بێت ئه‌وا نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌ مانگی شوباته‌وه‌ كه‌ئه‌و بارودۆخه‌ دروستبوو له‌كوردستان خواست له‌سه‌ر كڕینی پێداویستی پزیشكی زیادیكرد، به‌تایبه‌تی ده‌مامك و ده‌ستكێش و مادده‌ی پاكه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ وایكرد هه‌ندێك كه‌م بێت له‌ بازاڕه‌كان بۆماوه‌یه‌ك له‌هه‌موو دنیاش وابوو، له‌ هه‌ندێك وڵاتی پێشكه‌وتوو ده‌مامك زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وت، ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كمان پێك هێنا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و شوێنانه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌پێداویستی پزیشكی گران ده‌كه‌ن زیاتر له‌ 50 ملیۆن سزای ئه‌و شوێنانه‌ درا له‌ ده‌رمانخانه‌ وماركێت و كۆگاكانی ده‌رمان كه‌پێداویستی پزیشكی ده‌فرۆشن كه‌ نرخی ماسك-ییان گران كردبوو، ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێكی زۆریش ماسك-دا گیرا وه‌ڕه‌وانه‌ی ته‌ندروستی هه‌ولێركرا، بۆیه‌ كاری له‌سه‌ركراوه‌.”

“ڕێگه‌ناده‌ین به‌بتڵ ئۆكسجین له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بفرۆشرێت “

“ئێمه‌ ڕێگه‌ ناده‌ین خه‌ڵك به‌ بتڵ ئۆكسجین بفرۆشێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، دوو كه‌سمان ده‌ستگیر كرد كه‌ هه‌ڵساون به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ هه‌تاوه‌كو ئێستاش ئۆتۆمبیله‌كه‌شیان ده‌ستی به‌رگیراوه‌. ئیجرائات له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئۆكسجین له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بفرۆشێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌رمایه‌ی ئێستا مه‌ترسی ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و بتڵه‌ ئۆكسجینه‌ یان له‌وانه‌یه‌ بته‌قێته‌وه‌ و ببێته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، وه‌ ڕێگه‌ نادرێت ئۆكسجین له‌سه‌ر شه‌قام بفرۆشرێت. “قایمقامی هه‌ولێر واده‌ڵێت “

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئۆكسجینانه‌ كوێ بوون كه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ هێنابوییان له‌سه‌ر شه‌قام فرۆشتبوویان؟ نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتی ” چه‌ندین كارگه‌ی ئه‌هلی ئۆكسجین هه‌یه‌، خۆ هه‌ر بۆ نه‌خۆش به‌كار نایه‌ت، ئۆكسجین له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی ئۆتۆمبیل-یش به‌كاردێت بۆ ئه‌گزۆزی ئۆتۆمبیل و بۆ له‌حیم بۆ ئه‌و جۆره‌ شتانه‌. ده‌ستكه‌وتنی شتێكی ئاساییه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر شه‌قام بفرۆشرێت یاخود ئیستغلالی ئه‌و بارودۆخه‌ بكرێت كه‌ گران بكرێت، ئێمه‌ ڕێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین.”

“لیژنه‌یه‌ك پێكهاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ی پابه‌ندنابن به‌و نرخه‌ی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆیان دیاریكراوه‌ ڕێوشوێنییان دژ بگیرێته‌به‌ر “

قایمقامی هه‌ولێر له‌باره‌ی گلله‌یی هاوڵاتیان له‌سه‌ر نرخی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێت ” نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت زۆرن، نه‌خۆشخانه‌كانیش نرخیان جیاوازه‌ له‌هه‌موو دنیاش ئه‌و شته‌ باوه‌ به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕیاری ده‌ركردووه‌ كه‌فه‌رزی كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تانه‌ كه‌ نه‌خۆشی كۆرۆنا وه‌ربگرن و هه‌روه‌ها نرخه‌كانیان دابه‌زێنن، ئێستا لیژنه‌یه‌ك پێك هاتووه‌ له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ته‌ندروستی هه‌ولێر، ئێمه‌ وه‌كو قایمقامیه‌ت له‌و لیژنه‌یه‌داین بۆ هاوكاری و پاڵپشتی كردنی ئه‌و لیژنه‌ و جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ی پابه‌ندنابن به‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. “

ئایا تائێستا لێپێچینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌و نه‌خۆشخانانه‌ له‌سه‌ر گرانی نرخ له‌گه‌ڵییان كردوون؟ له‌وه‌ڵامدا قایمقامی هه‌ولێر وتی “بڕیاره‌كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكی كه‌مه‌ ده‌رچووه‌ ، لیژنه‌كه‌ ده‌ست به‌كاربووه‌، نه‌خۆشخانه‌كان زۆربه‌یان نه‌خۆشه‌كان وه‌رده‌گرن ، ئێمه‌ هه‌ركاتێك له‌لایه‌ن ته‌ندروستییه‌وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌كان پابه‌ند نییه‌ ، ئێمه‌ ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین. “

“ئێستا له‌ فه‌رمانگه‌كان ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی زۆر توشی كۆرۆنا بوون “

“ئێمه‌ جه‌خت له‌سه‌ر بابه‌تی خۆپارێزی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هاوڵاتی ده‌بێت پابه‌ند بێت، له‌ هه‌مووی گرنگتر به‌ستنی ده‌مامك هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وی قه‌ڵه‌باڵغی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ كارێكی زۆر پێویستی نه‌بێت، ده‌رنه‌چێت له‌ماڵه‌وزه‌، سه‌ردانی شوێنه‌كان نه‌كات ته‌نها بۆ دابینكردنی پێداویستی خۆی نه‌بێت،سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان نه‌كات، ئێستا له‌ فه‌رمانگه‌كان ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی زۆر توشی كۆرۆنا بوون، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی به‌شه‌كان، زۆریان توشی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ بوون بۆیه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بۆكارێكی زۆر پێویست نه‌بێت سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كان نه‌كه‌ن. “قایمقامی هه‌ولێر واده‌ڵێت “

” هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌ك، قه‌ڕه‌باڵغیه‌ك دروست بێت له‌ هه‌ر شوێنێك ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌مامكیان نه‌به‌ستبوو، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ 10 هه‌زار دینار غه‌رامه‌ بكرێن “

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند” هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌ك، قه‌ڵه‌باڵغیه‌ك دروست بێت له‌ هه‌ر شوێنێك ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌مامكیان نه‌به‌ستبوو، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ 10 هه‌زار دینار غه‌رامه‌ بكرێن به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌ كوردستان ناتوانیین، ئه‌و میكانیزمه‌مان نییه‌ كه‌ هاوڵاتی پیاده‌ غه‌رامه‌ بكه‌ین وه‌كو ده‌ره‌وه‌ كه‌ ناسنامه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیك غه‌رامه‌ ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می بانكی، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌مان نییه‌. له‌وانه‌یه‌ تۆ هاوڵاتی ڕابگریت و پاره‌ی پێنه‌بێت ۆیه‌ ئه‌وه‌ تۆزێك ئه‌سته‌مه‌، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ پابه‌ندبن. ئێمه‌ هۆشداری ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیان چه‌ندین خێزان هه‌یه‌ ژماره‌ی مردووان گه‌یشته‌ 2 مردوو، له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژ خوشك و برا مردوون بۆیه‌ ده‌بێت هاوڵاتی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو بێت كه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌، “

“له‌هه‌موو جیهان لوتكه‌ هه‌یه‌، له‌لوتكه‌ ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ و داده‌به‌زێت، ئێستا له‌هه‌ولێر له‌ لوتكه‌داین ، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌زووترین كات له‌ لوتكه‌ دابه‌زینه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ، هیوادارین له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ئێمه‌ له‌و لوتكه‌یه‌ نه‌مێنین و دابه‌زین، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی هاوكار بێت، هاوڵاتی ئه‌گه‌ر پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌كه‌ كه‌م ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ژماره‌ی پێوانه‌یمان تۆمار كرد له‌ هه‌ولێر له‌ هه‌ردوو ژماره‌كه‌ ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی بوو چ له‌مردووان و چ له‌تووشبووان بۆیه‌ پێویسته‌ هاوڵاتی پابه‌ندبێت ئه‌گه‌رنا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌و لوتكه‌یه‌ ده‌مێنینه‌وه‌.” قایمقامی هه‌ولێر وای وت”

” له‌قایمقامیه‌ت چه‌ند ئه‌فسه‌ر و پۆلیس و فه‌رمانبه‌رمان تووشی كۆرۆنا بوون “

نه‌به‌ز عه‌بدولواحید له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت “له‌هه‌موو ئه‌و قسه‌ و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ر دۆخی كۆرۆنا ده‌یكه‌ین مه‌به‌ستمان له‌دڵته‌نگی هاوڵاتیان نیه‌ به‌ڵكو مه‌یه‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی ئاگاداری بارودۆخه‌كه‌ بێت تاخۆپارێزی بكات، هه‌رده‌م هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ هاوڵاتی له‌و بارودۆخه‌ ده‌ربازبكه‌ین، به‌ڕاستی هه‌موو تیمه‌كانی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ناوخۆ ، وه‌كو سه‌ربازێكی وون ماوه‌ی 6 مانگه‌ به‌رگری له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان چه‌ندین كارمه‌ندی هێزه‌كانی ناوخۆ تووشی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌بوون له‌قایمقامیه‌ت چه‌ند ئه‌فسه‌ر و پۆلیس و فه‌رمانبه‌رمان تووشی كۆرۆنا بوون، له‌هه‌موو لایه‌ك خه‌ڵكی به‌توانامان له‌ ده‌ست داوه‌ له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، له‌تیمه‌كانی ته‌ندروستی، بۆیه‌ ئه‌ركی حكومه‌ت پاراستنی هاوڵاتیانه‌ به‌ڵام هاوڵاتیش ده‌بێت هه‌ماهه‌نگ بێت و هاوكار بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت.”


Source link

About Hooshyar

Check Also

Xwendekarên Efrînî yên Derbider Rûbirûyê Dijwarîyên Mezin Dibin

Zarokên Efrînî ku li Şehba derbider in, pêvajoya xwendinê di nava şert û mercên dijwar …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *