ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو هەوڵ دەدات نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی ئابلوقەی چەک لەسەر ئێران درێژبکاتەوە


شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو ناسراو بە GCC داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن ئابلوقەی چەک دژبە ئێران درێژ بکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەمەریکا هەوڵێکی زۆری بۆ دەدات.

ئەو ئەنجومەنەی کە لە بەحرەین، کویەت، عومان، قەتەر، ئیمارات و عەرەبستانی سعودیە پێکهاتووە ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند بەردەوامبوونی ئێران لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ وا دەکات درێژکردنەوەی ئابلوقەکە پێویست بێت.

ماوەی ئابلوقەی چەکی سەر ئێران بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا لە 18 ی مانگی 10 بەسەردەچێت. ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لەو ڕێککەوتنە کشایەوە.

ئەم داواکارییەی لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، یەکگرتووی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو نیشان دەدات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا بچڕاند و تاوانباریان کرد بە پشتیوانی کردنی تیرۆرسم خۆ نزیککردنەوە لە ئێران. قەتەر نکوڵی لەو تۆمەتانە کرد.

لەو بەیاننامەیەی لەلایەن سکرتێری گشتی GCC نایف فەلاح موبارەک ئەلحەجرەف ناردراوە نوسراوە ” کارێکی گونجاو نییە کۆت و بەندەکانی چەک لەسەر ئێران هەڵبگیرێت هەتا ئەو کاتەی ئێران دەستبەرداری ڕەفتارە تێکدەرەکانی لە ناوچەکەدا نەبێت و پشتیونی تیرۆرست و پڕچەککردنی ڕێکخراوە تایفێکان ڕانەگرێت.”

ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبێت لە درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆیە، هەڕەشەی کردووە هەمو سزاکانی نەتەوە یەکگرووەکان دژ بە ئێران بگەڕینێتەوە بە پێی ئەو سەودایەی لەساڵی 2015 دا کرابوو.

ئەمەریکا بەرنوسی بڕیارێکی ئامادەکردووە کە پێویستی بەلایەنی کەم بە 9 دەنگ هەیە تا بتوانێت لە بەرامبەر ڤیتۆی روسیا و چین بوەستێتەوە، کە مۆسکۆو چین ئاماژەیان بەوە کردووە مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنن. هەرچەندە ژمارەیەک لە دیپلۆماتان گومانیان لەوە هەیە واشنتن بتوانێت ئەو 9 دەنگە مسۆگەر بکات.


Source link

About Hooshyar

Check Also

بەرنامەی هەلەو واشنتن: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

تەنها چەند ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 ی ئەمەریکا هەردوو کاندیدی هەڵبژاردنەکان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *