کۆرۆنا ٣٠ ملیۆن دۆلاری هەرێمی بردووە

رۆژانە زیاتر لە هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا(COVED19) یان بۆ دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی گومانی توشبوو بە كۆرۆنا، هەر پشكنینێكیش 100 دۆلاری تێچوە و هەندێكیشیان 40 دۆلارە،  بۆ هەر كەرەنتینەیەكیش 1000 دۆلار خەرجیەكەیەتی، لەمانگی ئادارەوە تا 5ی تەمموزی ئەمساڵ، بڕی  29 ملیۆن و 685 هەزار و 260 دۆلار بۆ پشكنین و كەرنتینكردن خەرجكراوە، بەڵام ئێستا زۆرێك لە توشبوەكانیش لەماڵەوە كەرەنتین دەكرێن.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانس لە وەزارەتی تەندروستی دەستیكەتووە،144  هەزار و 616 پشکنین كراوە تا 5ی تەمموز و بڕی 12 ملیۆن و719 هەزار 260 دۆلاری تێچووە و نرخی هەرپشكنینێكیش تا 20ی حوزەیران بە 100 دۆلاركراوە و دوای ئەو بەروارەش پشكنین بە 40 دۆلارە.

 

ڤایرۆسی كۆڤید 19 ناسراو بە كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە شاری وۆهانی كۆماری گەلی چین لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو تۆمار كرا، لە 1ی ئازاری ئەمساڵ یەكەم حاڵەتی توشبوو لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرا، كە 4 كەس بوون، سێ‌ لەو كەسانە ئەندامی یەك خێزان بوون  كە لە ئێرانەوە گەڕابونەوە بۆ هەرێم.

 

بەختیار قادری تەمەن 42 ساڵ، توشبوویەكی كۆرۆنایە لە سلێمانی، دوای پشكنین و وەرگرتنەوەی ئەنجامەكەی دەركەوت كە تووشی كۆرۆنا بووە و ئێستا لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین كردووە و بە ئاژانسی وت:” هەستم بە سەرئێشە و بێهێزی و تەنگەنەفەسی كرد، بۆیە پشكنینی كۆرۆنام كردو دەركەوت تووشبووم، بۆیە رێنمایی كرام كە لە ماڵەوە خۆم كەرەنتین بكەم و خۆپارێزی تاك بكەم “.

 

“هەندێك چارەسەر و ڤیتامینات بەكارئەهێنم و پزیشكەكان پێیان وتم، خۆپارێزییەكە باشترە لەماوەڵەوە بكەیت، بەڵام ئەگەر تەنگەنەفەسی زۆری بۆهێنام ئەوسا داخڵی نەخۆشخانەم دەكەن و ئێستا باشم”. بەختیار وایوت.

 

هەر لەسەرەتای تۆماركردنی تووشبووی كۆرۆنا لە هەرێم، گومان لێكراون كە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕانەوە دوای پشكین، كەرەنتین دەكران و رێوشوێنی توند بۆ بەرگرتن گیرایە بەر و قەغەی هاتوچۆی گشتی و هەروەها شارەكانیش راگەیەندرا.

 

د.محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەریم بە  ئاژانسی وت:” بۆ بەرگرتن و كۆنترۆڵكردنی پەتاكە رێكاری تەندروستی گیرایەبەر، كە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و  كەرەنتینە كردنی گومانلێكراوەكان”.

 

“ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوە دەگەرێنەوە،یان لەگەل كەسانی توشبوو هەڵسووكەوتیان كردبوو، راستەوخۆ كەرەنتینە دەكران و دەخرانە ژێرچاودێری تەندروستییەوە، تاكو ئێستاش پشكنینەكان بەردەوامن،بەتایبەت كەسوكاری  توشبووەكان، هەرهەمویان پشكنینیان بۆ  دەكرێت، كەئەمەش تێچوویەكی زۆری دەبێت لەسەر حكومەت ” د. محەمەد وایوت.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانس بە پشت بەستن بە (131) راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی و داتای وەزارەتەكە لە 1ی ئادارەوە تا 5ی تەمموزی ئەمساڵ 144 هەزار و 616 كەس لە هەرێم پشكنینی كۆرۆنایان بۆكراوە، لەو ژمارەیە 7 هەزار و 315 پشكنینیان پۆزەتیڤ بووە و هەڵگری ڤایرۆسەكەبوون، 137 هەزار و 301 كەسەكەی دیكە ئەنجامەكەی نێگەتیڤ بووە و تووشبوو نەبوون.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی  دەڵێت:” تاكو 5ی تەمموز 144 هەزار و 616 كەس لە هەرێم پشكنینیان بۆ كراوە و 7 هەزار و 315 كەس توشی كۆرۆنابوون و ئەوانی دیكە نێگەتیڤ بوون و لە ئێستادا (كیتی) پشكنینەكانمان  ئاسانتر دەست دەكەوێت، بەهۆی كێبڕكێی كۆمپانیاكانەوە، بۆیە لەمەودوا پشكنینەكانیش سەر حكومەت كەمتریان تێدەچێت،كە بۆ هەر پشكنینێك 40 دۆلارە، كە لە 20ی حوزەیرانەوە بەم نرخە دەكرێت”.

جگە لە پشكنین كە تێچوەكەی لەسەر حكومەتە، ئەوا بۆ هەر هاوڵاتیەك كە كەرەنتینە دەكرێت بڕی 1000 دۆلاری تێدەچێت .

گەلاوێژ عەبید ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی وت:”رۆژانە پشكنین بەردەوامە، بۆ هەر پشكنینێك یان كەرەنتینكردنی گومانلێكراوێك تێچوویەك لەسەر حكومەتی هەرێمە، هەندێكیان دووجار پشكنینیان بۆ كراوە”.

” جگەلە  لە تێچووی پشكنینەكان، ماوەی كەرەنتینەكردنی كەسێكی گوماناویش نزیكەی 1000 دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت،بۆ خواردن و جلوبەرگ  و كرێی ئوتێل،چەند خەرجیەكی تر” ئەو پەرلەمانتارە وایوت.

 

ئەو پارەی لە کەرەنتیندا خەرجکراوە بڕەکەی 16ملیۆن و 966 هەزار دۆلارە. پشکنینەكانیش تاکو 20/6هەر پشکنینێ بە 100دۆلار کراوە، دوای ئەو بەروارەش بە 40 دۆلارە، کۆی گشتی ئەو پارەی خەرجکراوە بۆ پشکنین بڕی 12 ملیۆن و719 هەزار 260 دۆلارە. كە تێچووی هەردووكیان گەیشتۆتە 29 ملیۆن و 685 هەزار و 260 دۆلار.

 

سەباح محمود سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ئاژانس وتی” ئەوانەی كە رۆژانە پشكنینیان بۆ دەكرێت هەر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەنجامەكەیان دەردەچێت، سامپڵەكان ناچنە دەرەوە، كە پشكنینی  p.c.rیە”.

 

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان،تاكو 5ی تەمموز ١٦٩٦٦ هاوڵاتی كەرەنتین كراون و  (١٥٧٩١ )  دەرچوون، هەروەها  ١٤٤٦١٦ پشکنین كراوە و  ٧٣١٥ توشبوو هەبووە، لەوانەش ٢٦٩٢ چاكبوونەتەوە ٤٣٧١ كەسیش لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە  و تائێستاش ٢٥٢ كەس بە كۆرۆنا  مردوون .

 

PUKmedia ئاژانس


Source link

About Hooshyar

Check Also

Jiyana kêmendaman ji ber Coronayê gelek zehmettir bûye (Rudaw)

Jiyana kêmendaman ji ber Coronayê gelek zehmettir bûye (Rudaw) Source link

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *