Breaking News

هەموو حیزبە كوردییەكان ژێربەژێر شتێكیان لەگەڵ توركیادا هەیە بۆیە جورئەتییان نییە ته‌نانه‌ت بەیاننامەیەكیش دەربكەن


محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت” حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌ناو یه‌كدا ناكۆكن هه‌ریه‌كێكیشی ژێر به‌ژێر خۆی بۆ خۆی شتێكی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌، كه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ شتێك بكه‌ن یان قسه‌یه‌ك بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی توركیا و بۆردومانه‌كانی به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ بێت ئێستا سه‌دان كه‌س به‌كوشت ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك، ئه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتییان نییه‌، به‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتییان هه‌یه‌، هیچ نه‌بێت به‌یانێك ده‌ربكه‌ن دژی ئه‌و كارانه‌ی توركیا، خۆ نایانگرن، به‌یانیشییان پێده‌رناكرێت؟!” به‌بڕوای محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود حیزبه‌ كوردییه‌كانی عیراق، ناتوانن به‌یاننامه‌ش ده‌ربكه‌ن دژی هێرشه‌كانی توركیا ده‌ڵێت” چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌و حیزبانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌، ڕێكه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، توركیا عاجز ده‌بێت به‌یان ده‌ربكات، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر داده‌خات جاری پێشوو به‌ “ڕجا و تكا و ده‌ست ماچكردن” كردییانه‌وه‌.” هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ” كه‌چی هه‌ر ئه‌م حیزبه‌ كوردستانییانه‌ی عێراق، ئێستا ئێران تۆپێك بته‌قێنێ بۆ باسی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی توركیا ناكه‌ن به‌ فڕۆكه‌ و به‌ سوپا به‌ناو كوردستاندا دێن؟! بۆ یه‌ك كه‌س به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رناكات و یه‌ك كه‌س قسه‌ ناكات؟! بڕۆ هه‌ر شارێكی كوردستان، له‌هه‌ر خاڵێكدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ باره‌گایه‌كی توركیای تێدایه‌. “

” كوردیش بێده‌نگ بووه،‌ له‌ به‌غداد خۆ ده‌یانتوانی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن و دانیشتنێك دابنێن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی عێراق و توركیا”

له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ” له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌گوزه‌رێت و ڕووده‌دات، له‌ عێراق و له‌و ناوچانه‌ به‌گشتی و هاتنی سوپای توركی بۆ به‌شێكی كوردستان، یان عێراق ئه‌مانه‌ ڕه‌نگه‌ شتێكی نوێ نه‌بێت بۆخۆی دێت و كه‌نار ده‌گرێت دوو بابه‌ته‌ یه‌كیان حكومه‌تی پێشووی عێراق له‌گه‌ڵ توركیا له‌ ساڵی 1984 ڕێكه‌وتنێكییان كردووه‌، ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ توركیا نایه‌وێت پرس به‌ عێراق بكات واته‌ پێویست ناكات په‌رله‌مانی توركیا بڕیار ده‌دات كه ‌سوپای توركیا بێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌ چه‌ندین كیلۆمه‌تر یان چه‌ندێك خۆی بیه‌وێت بۆ نموونه‌ هاتووه‌ له‌ كونه‌ ماسی داوه‌ و خه‌ڵكی كوشتووه‌ و خه‌ڵكی بریندار كردووه‌، واته‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكییانه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراقی ئه‌وه‌ شانزه‌ ساڵه‌ نه‌یتوانی په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌ و ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ عێراق ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی پێخۆشه،‌ بۆیه‌ هه‌ڵیان نه‌وه‌شاندۆته‌وه‌، وه‌ كوردیش بێده‌نگ بووه‌ له‌ به‌غداد خۆ ده‌یانتوانی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن و دانیشتنێك دابنێن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێكه‌وتنی عێراق و توركیا ئه‌مه‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌.”

“عێراق زۆر به‌دڵیه‌تی توركیا بێت و خه‌ڵك بكوژێت و ناوچه‌ بسوتێنێت و‌ وێرانی بكات “

هه‌روه‌ها وتی: ” خاڵی دووه‌م من پێم وایه‌ كه‌ عێراق زۆر به‌دڵیه‌تی توركیا بێت و خه‌ڵك بكوژێت و ناوچه‌ بسوتێنێت و‌ وێرانی بكات و وڵاتێكی تربێته‌ ئه‌و وڵاته‌، چونكه‌ كه‌ له‌ كوردستان ده‌دات ئه‌و كوردستان به‌ هی خۆی نازانێت و بێده‌نگ بووه‌ له‌ ئاستی یه‌كێكی تر له‌وانه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بۆ بیده‌نگه‌؟! ئه‌مریكا بۆ بێده‌نگه‌، له‌ كاتێكدا توركیا په‌لاماری كوردستان ده‌دات په‌لاماری كوردستانی سوریا ده‌دات و لایه‌كی داگیرده‌كات له‌ لیبیا له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌مووی به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر یارمه‌تی ده‌ده‌ن و پشتیوانی لێده‌كه‌ن! ئه‌مه‌ هۆكه‌ی چ له‌ ناوخۆ چ له‌ ناوچه‌ چ له‌ هه‌موو دنیا هۆكه‌ی چیه،‌ له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا كاتێك وڵاتێك بیه‌وێت وڵاتێكی تر داگیربكات به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ئه‌مریكا به‌رگری لێبكات!”

“تائێستا ئێران سوپای نه‌هێناوه‌ته‌ ناو خاكی كوردستانی عێراق و‌ نه‌شهاتووه‌ “

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود درێژه‌ی به‌قسه‌كانیدا و وتی: ” خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا بۆ كه‌س هیچ ناڵێت؟! حیزبه‌ كوردییه‌كان له ‌ناو یه‌كدا ناكۆكن هه‌ریه‌كێكیشی ژێر به‌ژێر خۆی بۆ خۆی شتێكی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌ كه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ شتێك بكه‌ن یان قسه‌یه‌ك بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وانه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پرسیار ده‌كه‌ن ئێران هێزی هێناوه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێم؟ تا ئێستا ئێران سوپای نه‌هێناوه‌ته‌ ناو خاكی كوردستانی عێراق و‌ نه‌شهاتووه‌. من خۆم سێ هه‌فته‌ پێش ئێستا له‌سه‌ر سنوری هه‌ورامان بووم، ئه‌وان نه‌هاتبوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌. به‌ڵام له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌كرێت ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لێبێت، ئه‌وه‌ شتێكی تره،‌ به‌ڵام لێره‌وه‌ لای توركیاوه‌ سوپا هاتووه‌، ڕۆژانه‌ ده‌یان فڕۆكه‌ی “فانتۆم” دێت له‌ كونه‌ ماسی داوه‌ له ‌شارباژێڕ له‌په‌نای سلێمانیدا له‌ شوێنه‌كانی تر بۆ كه‌س قسه‌ ناكات!”

“كورد له‌ به‌غداد ده‌یتوانی له‌و 16 ساڵه‌دا په‌رله‌مانیش كۆبكاته‌وه‌ و داوای لێبكات ڕێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی جه‌زائیر هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ڕێكه‌وتنی توركیا و عێراق هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ “

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كورد ده‌یتوانی چی بكات له‌ ماوه‌ی ڕابردوو؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت: ” من پێموایه‌ كورد شاره‌زا نه‌بووه‌ یان لێی نه‌زانیووه‌ یان كه‌مته‌رخه‌مه‌، ئه‌گه‌رنا كورد له‌ به‌غداد ده‌یتوانی له‌و 16 ساڵه‌دا په‌رله‌مانیش كۆبكاته‌وه‌ و داوای لێبكات ڕێكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی جه‌زائیر هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ڕێكه‌وتنی توركیا و عێراق هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك شتی گرنگ هه‌یه‌ به‌ڵام كورد له‌ به‌غداد نه‌ك هه‌ر به‌رگری له‌ كورد ناكه‌ن به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك هه‌ن بوون به‌تابووری پێنجه‌م و له‌وێوه‌ دژی كوردستانن دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانن ئه‌مانه‌ خۆی بۆ خۆی په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌ و ململانێیه‌كانی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌.”

” حیزبه‌ كوردییه‌كان ئێستا ئێران تۆپێك بته‌قێنێ باسی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی توركیا ناكه‌ن “

ئایا مه‌به‌ستت حیزبه‌ كوردییه‌كانی كوردستانی عیراقه،‌ كه ‌ڕه‌خنه‌یان لێده‌گریت هه‌ڵوێستییان نیه‌ له‌ باره‌ی هێرشی توركیاوه‌؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت: ” به‌ڵێ مه‌به‌ستم حیزبه‌ كوردستانییه‌كانی ناو عێراق بوو. ئێستا ئێران تۆپێك بته‌قێنێ بۆ باسی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی توركیا ناكه‌ن به‌ فڕۆكه‌ و به‌ سوپا به ‌ناو كوردستاندا دێن؟! بۆ یه‌ك كه‌س به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رناكات و یه‌ك كه‌س قسه‌ ناكات؟! بڕۆ هه‌ر شارێكی كوردستان، له‌ هه‌ر خاڵێكدا به‌دڵنیاییه‌وه‌ باره‌گایه‌كی توركیای تێدایه‌. “

” خۆ له‌ لیبیا په‌كه‌كه‌ی لێنیه‌ توركیا هێرش ده‌كات، توركیا ئێستا كارده‌كات جارێكی تر بۆ خه‌لافه‌تی عوسمانی به‌ڵام به‌ عه‌قلێكی تر “

“من پێموایه‌ دوو حاڵه‌ته‌، حاڵه‌تێك ده‌وڵه‌تی توركیا ئێستا كارده‌كات جارێكی تر بۆ خه‌لافه‌تی عوسمانی، به‌ڵام به‌ عه‌قلێكی تر و به‌شێوه‌یه‌كی تر و ئه‌وه‌ خۆی بۆ خۆی ویلایه‌تی موسڵ، كه‌ له‌ كوردستانی عێراقه‌ ئێستاش هه‌موو ساڵێك له‌ یاسای بودجه‌ی توركیا دۆلارێكی بۆ داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیریان نه‌چێت له ‌به‌رنامه‌ی خۆیاندا، واته‌ ئێستاش ویلایه‌تی موسڵ به‌هی خۆیان ده‌زانن، خاڵی دووه‌م ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان پاساوی دانه‌ ده‌ستی توركیای بۆ هاتنی توركیا بۆ كوردستانی عێراقە. واته‌ په‌كه‌كه‌ پاساوێك ده‌دات به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و لێره‌ هه‌رێمێكی بۆ خۆی له‌ كوردستانی عێراق دروستكردووه‌. “محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وای وت “

هه‌روه‌ها وتی: ” بوونی په‌كه‌كه‌ و هێرشی توركیا خۆی یه‌كێكه‌ له‌ پاساوه‌كان، خۆ له‌ عه‌فرینش ڕۆیشت، خۆ له‌ لیبیا په‌كه‌كه‌ی لێنیه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاساوه‌كان، چونكه‌ په‌كه‌كه‌ ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی له‌ كوردستانی عێراق كردووه‌ ئه‌مه‌ قابیله‌ توركیا نه‌زانێت. “

“عێراق وڵاتێكی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوی داماوی زه‌لیل، كه‌ له‌ وڵاتانی تره‌وه‌ فرمانییان پێده‌كرێت شت جێبه‌جێده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كورد له‌ به‌غداد خراپتر بێت بۆیه‌ موحتاجی به‌غداده‌ “

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود باسی له‌وه‌شكرد ” عێراق سه‌روه‌ری نه‌ماوه‌، نه‌ سه‌روه‌ری سیاسی هه‌یه‌، نه‌ ئابوری، نه ‌سه‌روه‌ری ئیداری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ و‌ نه ‌جوگرافی، هیچ شتێك، به‌ڵكو عێراق وڵاتێكی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوی داماوی زه‌لیل، كه‌ له‌ وڵاتانی تره‌وه‌ فرمانییان پێده‌كرێت شت جێبه‌جێده‌كه‌ن.”

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: ” من پێموایه‌ دۆخی عێراق زۆر خراپه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كورد له‌ به‌غداد خراپتر بێت بۆیه‌ موحتاجی به‌غداده‌، له ‌لایه‌كی تره‌وه‌ كورد ئێستا چی بكات باشه‌، به‌ڕای من دوو-سێ خاڵی گرنگ هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ هه‌یه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌. یه‌كه‌م كورد ڕێكخستنی ماڵی خۆی و كێشه‌كانی ناوخۆی خۆی نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ خاڵی یه‌كه‌مه،‌ كه‌ بتوانێت ئه‌و كاته‌ش گفتوگۆ بكات بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ پارتی كرێكاران، و‌ له‌گه‌ڵ توركیاشدا ئه‌گه‌ر شه‌ڕییان كرد ئه‌وا با له ‌ماڵی خۆیان بیكه‌ن. باشه‌ ڕه‌نگه‌ بێن شه‌ڕه‌كه‌ له‌ وڵاتێكی تر بیكه‌ن ژن و منداڵ قاچی بپه‌ڕێت و ماڵی وێران ببێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و شه‌ڕه‌وه‌ هه‌بێت.”

“تا ئێستاش كوردستان به‌شێكه‌ له‌و عێراقه‌ شه‌ق و شڕه‌ی كه‌ هه‌یه‌ “

ده‌رباره‌ی هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ و ده‌نگۆ كه‌ ده‌وترێت توركیا نیازی داگیركردنی هه‌رێمی كوردستانی هه‌یه‌؟ كاكه‌ حه‌مه‌ ده‌ڵێت: ” هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بیه‌وێت “تموحی” جوگرافیای خۆی زیاد بكات به‌ڵام ئه‌و ناتوانێت له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ كوردستان هه‌رێمێكی ده‌ستورییه‌، یاساییه‌، دانپیانراوه‌. ناتوانێت خاكی وڵاتێكی تر داگیربكات و بیخاته‌ سه‌ر خۆی مه‌گه‌ر وڵاتێكی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پشتگیری بكه‌ن كه‌ چۆن كوردستانی سوریای داگیركرد به‌بڕیاری ئه‌وان تیایدا دانیشتووه‌ و خه‌ڵكی بۆ دێنێ مه‌گه‌ر شتێكی له‌و بابه‌ته‌ بكرێت، به‌ڵام پێموانییه‌ ئه‌وه‌ بكرێت، چونكه‌ تا ئێستاش كوردستان به‌شێكه‌ له‌و عێراقه‌ شه‌ق و شڕه‌ی كه‌ هه‌یه‌.”

” ئێستا له‌ كوردستان به‌س به‌ كوردی قسه‌ مه‌كه‌ هیچ “سه‌یته‌رییه‌ك” ڕاتناگرێت”

سوێندی ده‌ستوری سه‌رۆك كۆمار هه‌روه‌ها ئه‌ركی سه‌ره‌كی پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستور و سه‌روه‌ری خاكی عیراقه‌، به‌ڵام تۆ له‌وه‌ڵامه‌كه‌تدا وتت عیراق له‌ هیچ ڕوویه‌كه‌وه‌ سه‌روه‌ری نه‌ماوه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی: ” وه‌ڵا من پێموانییه‌ كه‌س پێی جێبه‌جێ بكرێت، ئێستا له‌م هه‌رێمی كوردستانه‌دا به‌س به‌ كوردی قسه‌ مه‌كه‌، له ‌زاخۆوه‌ بۆ خانه‌قین، له‌ ته‌وێڵه‌وه‌ بۆ مه‌خموور، له‌ پێنجوێنه‌وه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ له‌ “سه‌یته‌ره‌كان” به‌ كوردی قسه‌ مه‌كه‌ هیچ “سه‌یته‌رییه‌ك” ڕاتناگرێت، واته‌ موخابه‌راتی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ئازاده‌ له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستاندا بگه‌ڕێت كه‌ قسه‌ی كرد به‌ توركی و به‌ فارسی و به‌ عه‌ره‌بی و به‌ ئینگلیزی ده‌ڵین ئه‌وه‌ وه‌فدی ده‌ره‌وه‌یه‌ و ده‌ست مه‌هێننه‌ ڕێگای با بڕوات واته‌ به‌سه‌یته‌ره‌كان ڕاگه‌یه‌نراوه‌ به‌و شێوه‌یه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كردویه‌تی، “به‌سه‌یته‌ره‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌” كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌.”

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ” كورد وه‌كو كورد به‌رگه‌ی هه‌موو شته‌كان ده‌گرێت توركیا و ئێرانیش و هه‌موو شوێنه‌كان لێی بدات، كورد ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی سه‌روه‌ری عێراقه‌ هیچ سه‌روه‌رییه‌ك نییه‌ ئه‌وه‌ تێكشكاوه‌ هیچی نییه‌ له‌ وڵاتان یه‌ك سانیه‌ فڕۆكه‌یه‌ك بچێته‌ سه‌ر وڵاتێكی تر له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش سكاڵا ده‌كات و دادگایی ده‌كات له ‌و ڕۆژانه‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌ڵماس و نێوان ئورمیه‌ و وان شه‌ڕێك بووه‌ له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیادا، یه‌ك گوله‌ هاوه‌ن كه‌وتۆته‌ ناو خاكی ئێران، ئێران یه‌كسه‌ر ته‌بلیغی توركیای كرد به‌ڵام لێره‌ فڕۆكه‌ش ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌س قسه‌ ناكات.”

“ئه‌م حیزبه‌ كوردییانه‌ی عیراق خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ بێت ئێستا سه‌دان كه‌س به‌كوشت ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك، كه‌چی ده‌ڵێن چیمان پێده‌كرێت به‌رامبه‌ر توركیا”

تۆ ڕه‌خنه‌ له‌ بێ هه‌ڵوێستی حیزبیه‌كانی كوردستانی عیراق ده‌گریت له‌وه‌ی هه‌ڵوێستییان نیه‌، له ‌كاتێكدا ڕه‌نگه‌ ئه‌وانیش پاساوی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ده‌توانن چی بكه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی زلهێزی وه‌ك توركیا، كه ئه‌ندامی ناتۆ-شه‌؟ له‌وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ڕایده‌گه‌یه‌نێت ” خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ بێت ئێستا سه‌دان كه‌س به‌كوشت ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك، ئه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتییان نییه؟ به‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتییان هه‌یه‌، هیچ نه‌بێت به‌یانێك ده‌ربكه‌ن ، خۆ نایانگرن ، به‌یانیشییان پێده‌رناكرێت؟!”

به‌بڕوای محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود حیزبه‌ كوردییه‌كانی عیراق، ناتوانن به‌یاننامه‌ش ده‌ربكه‌ن دژی هێرشه‌كانی توركیا، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌و حیزبانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له ‌شێوه‌كان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌، ڕێكه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، توركیا عاجز ده‌بێت به‌یان ده‌ربكات، فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر داده‌خات جاری پێشوو به‌ “ڕجاو تكا و ده‌ست ماچكردن” كردییانه‌وه‌.”

به‌ڵام داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نیه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ خزمه‌تگوزاری گشتییه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتییه‌ك؟ له‌ وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی” به‌رژه‌وه‌ندی به‌خه‌ڵكه‌وه‌ نییه‌ زۆر، په‌یوه‌ندی به‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ دابخرێت ده‌ڵێن: ئه‌وه‌نده‌ ملێون دۆلارمان زیانكرد تێیدا، به‌ڵام كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی تێدایه‌ ناڵێن ئه‌وه‌نده‌مان قازانجكرد! من پێموایه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ زۆر هی خه‌ڵك نییه‌.”

“كشانه‌وه‌ی كورد له‌به‌غداد، به‌كارهێنانی كارتی ڕیفراندۆم، دوو خاڵی فشاره‌كانی كوردن له ‌ئێستادا به‌رامبه‌ر به‌غداد “

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا كارتی فشاری كورد به‌رامبه‌ر توركیا، ئێران هه‌روه‌ها عیراق چیه‌؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له ‌وه‌ڵامدا وتی: ” كارتی فشار له‌گه‌ڵ ئێران جۆرێكه‌ و له‌گه‌ڵ توركیا جورێكه‌ و له‌گه‌ڵ عێراقیش جۆرێكه‌، به‌ڵام كارته‌كان به‌رامبه‌ر به ‌به‌غداد چونكه‌ ئێستا به‌غداد بودجه‌ی كوردستانی بڕیووه‌ هه‌روه‌ها موچه‌ و بودجه‌ و قوتی خه‌ڵكی كوردستانی بڕیووه‌. ئه‌گه‌ر هه‌رێمێك به‌ عێراقی بزانێت، چۆن تۆ ده‌چێت بودجه‌ی ده‌بڕیت له‌ كاتێكدا بودجه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌درا له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا كه ‌ژێر ده‌ستی داعش بوون من پێموایه‌ كورد ئێستا كارتی هه‌یه‌ كارتی یه‌كڕیزی و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی كوردستان، بۆ خۆی ئه‌مه‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌. خاڵی دووه‌م گرتنه‌وه‌ی ئاوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان له‌ عێراق، خاڵی سێیه‌م كشانه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غداد، له‌ سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ وپه‌رله‌مان و هه‌مووی به‌غداد جێبهێڵت و بێته‌وه‌، كه‌ به‌غداد دژت بێت تاسه‌ر ئێسقان هیچت بۆ نه‌كات و هیچت نه‌داتێ بۆ له‌گه‌ڵیدا بیت، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌و وه‌فدانه‌ ده‌ڕۆنه‌ به‌غدا و دێنه‌وه‌ كاتییان به‌سه‌ر ده‌چێت كه‌یفی خۆیانه‌ ئه‌وانه‌، به‌ڵام كورد له‌ به‌غداد بگه‌ڕێته‌وه‌، كارتی چواره‌م كارتی ڕیفراندۆمه‌.”

“كه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆمان هه‌بوو ده‌توانرێت له‌ 30% موچه‌ ببڕدرێت له‌بری ئه‌و له‌ 21% ی ئێستا”

له‌كاتێكدا ده‌بینرێت و ده‌وترێت حكومه‌تی هه‌رێم بێ ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم له ‌به‌غداده‌وه‌ ناتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات، ئه‌گه‌ر كارتی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به‌كاربهێنێت ئه‌و كاته‌ چۆن ده‌توانرێت مووچه‌ بدات؟ من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر داهاتی كوردستان ڕێكبخرێته‌وه‌ و ڕاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئێمه‌ ده‌توانیین بودجه‌ش و خزمه‌تگوزاریشمان بكه‌ین. من پێموایه‌ ده‌كرێت ئێستا 21% بڕدراوه،‌ با 30% ببڕدرێت، به‌ڵام هه‌موو مانگێك مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بدرێت، دوانه‌خرێت و له‌سه‌ری مانگدا مووچه‌ بدرێت. با بودجه‌كه‌ بێت له‌ 30% من پێموایه‌ خه‌ڵك ڕازی ده‌بێت به‌ مه‌رجێك سازش بۆ به‌غداد نه‌كرێت.”

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند” با بێت كورد خۆی بۆ خۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستی حیزب و ئه‌وانه‌ نه‌مێنێت و كۆی بكه‌نه‌وه‌ و ته‌سلیمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مانگه‌ 21% بڕیوه‌، با بیكات به‌ 30% و هه‌موو مانگێك مه‌عاشی خه‌ڵك بدات. من پێموایه‌ ئه‌مه‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌ ده‌توانێت هه‌نگاوی بۆ بنێت. خاڵی دووه‌م كه‌ به‌غداد قوت و پاره‌ی ئێمه‌ ده‌بڕێت، ئێمه‌ش ئاوه‌كانی لێده‌بڕین، ئه‌گه‌ر ئاوه‌كانییان لێببڕدرێت ئه‌وان هه‌موو ناوچه‌كانییان وشك ده‌بێت خاڵی سێیه‌م بكشێته‌وه‌ له ‌به‌غداد.”

باشه‌ ئه‌گه‌ر كورد له‌ به‌غداد بكشێته‌وه‌ وه‌ك سوننه‌ی لێنایه‌ت، له ‌دوای ئازادكردنی عیراق؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی: ” نه‌خێر كورد وه‌كو لایه‌نی سونه‌ی لێ نایه‌ت. سوننه‌ به‌بۆنه‌ی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له‌ عێراقدا هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ له‌به‌ریه‌ك، سوننه‌ نه‌ماوه‌، هیچ سوننه‌یه‌ك له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌، زۆربه‌ی زۆری دێهاته‌كانیشییان ته‌خت كراوه‌. ئه‌و سونانه‌ش كه‌ له‌ به‌غدادن نوێنه‌ری سوننه‌ نیین. خۆیان بۆخۆیان لایه‌نی شیعه‌ ده‌نگییان ده‌داتێ و كردوونی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كییان به‌ نوێنه‌رایه‌تی سوننه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام كوردستان وا نییه‌، ئێمه‌ شوێنمان هه‌یه‌، ڕێگه‌مان هه‌یه‌، خاكمان هه‌یه‌، وڵاتمان هه‌یه‌ هه‌موو شتێكمان هه‌یه‌.”

ئه‌ی توركیا و ئێران ڕازی ده‌بێت كورد ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت؟ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی: ” بابێن له‌گه‌ڵ عێراق ڕێكمان بخه‌ن، خۆ ناڵێن له‌گه‌ڵ عێراق ڕێكناكه‌وین، كه‌ ڕێكمان نه‌خه‌ن خۆ نا‌وه‌ستین به‌هێواشی تابمرین.”


Source link

About Hooshyar

Check Also

Serokomarê Berê yê Fransa bi Vîrusa Korona Jîyana Xwe ji Dest Da

Serokomarê berê yê Fransa Valery Giscard d’Estaing jiber vîrusa korona jîyana xwe ji dest da. …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *