بەڕیتانیا لەسەر مافەکانی مرۆڤ سزا بەسەر کۆمەڵێک هاوڵاتی ڕوسی و سعودیدا دەسەپێنێت


بەڕیتانیا سزای سەپاند بەسەر 25 هاوڵاتی ڕوسی و 20 هاوڵاتی سعودیدا، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی بەڕیتانیادا دوای جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەیەوێت دوای جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا، وڵاتەکەی ڕۆڵێکی سەربەخۆی نوێی هەبێت لە کاروبارەکانی دەرەوە و بازرگانیدا، ئەمەش یەکەمین جارە لەندەن توانیبێتی بەشێوەیەکی سەربەخۆ سزای دارایی بسەپێنێت بەسەر هاوڵاتیانی دەرەکیدا و ڕێگە بە پێدانی ڤیزا نەدات.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب هەوڵیداوە سیستمێکی سزادانی توند پەیڕەوی بکرێت و لە پەرلەمانی بەڕیتانیادا کۆمەڵێک ناوی دیاریکردووە، لەو ناوانەشدا کۆمەڵێک هاوڵاتی ڕوسی تێدایە کە بەڕیتانیا دەڵێت تێوەگلاون لە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزەر سێرگەی ماگنتسکی و کوژرانەکەیدا، هەروەها کۆمەڵێک سعودیشی تێدایە کە باوەڕوایە دەستیان هەبووبێت لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی.

لەلای خۆیەوە ڕوسیا وتی وەڵامی ئەو سزایانە دەداتەوە.

ڕاب بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت ” ئەگەر گەندەڵ بیت و ئەندامێک بیت لە ڕێکخراوێکی تاوان، ئەوا ناتوانێت ئازادانە بێتە ئەم وڵاتەوە و بەردەوام بیت لەوەی کە دەیکەیت.”

وتیشی ” ئەمڕۆ ئەم حکومەتە لەبری گەلی بەڕیتانیا پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا دەگەیەنێت کە تیایدا ئەوانەی کە دەستیان سوورە بە خوێن و چەوسێنەر و دیکتاتۆرن، ناتوانن لەم وڵاتەدا ئازادانە گەندەڵی بکەن و ناتوانن موڵک لەسەر ڕێگەی پاشا ( کە شەقامێکە لە بەڕیتانیا ) بکڕن و ناتوانن لە نایتسبێرگ بازاڕی بکەن بۆ کریسمس، ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم ناتوانن لەڕێی بانکەکانی بەڕیتانیا و دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وڵاتەکەوە پارەکانیان ڕابکێشن.”

لە لیستی ئەو ناوانەدا کە سزاکانی بەڕیتانیا دەیانگرێتەوە لێکۆڵەرەوەیەکی باڵای ڕوسیای تێدایە بەناوی ئالیکساندەر باستەریکین کە ڕاپۆرتەکانی ڕاستەوخۆ بەرز دەکرێنەوە بۆ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن.

لە ساڵی 2017 دا ئەمەریکا باستەریکینی خستە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو سزایانەدا کە پەیوەست بوون بە یاسای ماگنتسکی کە تایبەتە بە پێشێلکارییەکان لە مافەکانی مرۆڤدا.

لە ساڵی 2012 دا ئەمەریکا یاسایەکی دەرکرد تیایدا سەرمایەی ئەو بەرپرسە ڕوسییانەی سڕکرد کە پەیوەندییان هەبوو بە مردنی ماگنتسکیەوە و هەروەها پێدانی ڤیزای بەو بەرپرسانە ڕاگرت. ماگنتسکی پارێزەرێکی ڕوسی بوو لە ساڵی 2008 دا لەلایەن بەرپرسانی ڕوسیەوە دەستگیرکرا دوای ئەوەی وتبووی بەرپرسانی ڕوسیا لە گەندەڵیەکی بەرفراواندا تێوەگلاون.

لە ساڵی 2009 دا ماگنتسکی لە زینداندا لە مۆسکۆ گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی ئاماژەی بەوەدابوو خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

یەکێک لە پارێزەرەکانی ماگنتسکی بیڵ براودەر وتی ” بەڕیتانیا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە جیهاندا چونکە ئەو شوێنەیە کە هەمووان دەیانەوێت کاری تیادا بکەن و خێزان و سەرمایەکانیان لەوێ بپارێزن.”

وتیشی ” ڕێگە نەدان بە هاتنی دیکتاتۆر و جەلاد و بکوژەکان بۆ بەڕیتانیا و سەروەربوونی یاسا، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دەبێت.”

لەلایەکی دیکەوە بەڕیتانیا سزای سەپاندووە بەسەر 20 هاوڵاتی سعودیدا کە وەکو بەڕیتانیا دەڵێت دەستیان هەبووە لە کوژرانی خاشقچیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


Source link

About Hooshyar

Check Also

Qesira Sipî Biryar Da ku Biden Brîfîngên Ser Ewlekarîyê Bistîne

Ajansa nûçeyan ya Reutersê ragihand ku Qesira Sipî biryar daye ku Serokê hilbijartî Joe Biden …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *