مەترسی گەورەی سەر هەرێم ….

مەترسی گەورەی سەر هەرێم …. ئەمریکا  عیراق دەخاتە باوەشی تورکیا..!

 هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێم،  ئەو بۆچوونە پشتڕاستدەکاتەوە، هەر لەسەرەتاوە  ئەو لەشکرکێشی وهێرشە ئاسمانی وزەمینیەی تورکیا بەبیانووی پەکەکە وەک  هەنگاوی دووەمی  سزادانی هەرێمە  بۆ بچووککردنەوەی ئەو قەوارەیە کە لە دوای ڕیفرادۆم تاران وبەغدا وئەنقەرە  سەرکەوتوانە  ڤۆناغی یەکەمیان ئەنجامیاندا وسوودیان لە کورتبینی و خوێندنەوەی هەڵەی ستراتیژی  بڕیار بەدەستانی هەرێم وناکۆکی ناوخۆ  وەرگرت.  لەلایەکی تریشەوە  ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا  پشتیوانیەکی ئاشکرایە لە داخوازییەکانی تورکیا کەدەیەوێ عێراق و هەرێمیش بخاتە نێو شەڕێکی دژ به پەکەکە. هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نییە. 

بێمنەتی تورکیا وگوێندانی بەداواکاری  ڕووکەشیانەی  بەغدا  بۆ کۆتاییهێنان بە لەشەکرکێشیەکەی لە هەرێمی کوردستان، دەرکەوت لەپێگەیەکی بەهێزدایە.  ئەوکارە  بەرەنجامی سەردانی نهێنی سەرۆکی دەزگای میتی تورک هاکان فیدان بوو بۆ بەغدا،  هەر لەسەرەتاوە ئەو لەشکرکێشیە  بە ڕەزامەندی وڕێکەوتنی ئەنقەرە و بەغدا وواشنتۆنەوە بووە. دەمێکە ترامپ  جڵەوی لە ملی ئەردۆگان شلکردوە بوئەوەی  وەک سەگی هار هەر ڕۆژەی پەلاماری پارچەیەکی کوردستان  بدا.  گومان لەوەدانیە ئەو  کەڵەگاییەی تورکیا لە لیبیا ودژی کوردی عیراق وسوریا دەیکا بە ئاگاداری و ڕەزامەندی ئیدارەکەی ترامپەوە دەکرێ.  لەم هەنگاوەشدا ترامپ دووئامانجی هەیە لەلایەک  دەیەوێ تورکیا لە ڕوسیا دووربخاتەوەو هەژموونی ئێرانیش لەعێراق وناوچەکەدا کۆتایی پێ بێنێ، یا هیچ نەبێ  لاوازی بکا، لەلایەکی تریشەوە ئەمریکا دەیەوێ  تورکیا بکاتە پۆلیسی پاراستنی  بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا ،  چیتر تورکیا  وەک یارزانێکی سەرەکی سەرپەرشتی دۆخی سیاسی عێراق بکاو لەدوای هەڵبژاردنەکانیش لەجیاتی تاران  بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ یپێکهێنانی حکومەتەکان و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان لەعێڕاقدا  بکەوێته دەست ئەنقەرە، بەمەش  ڕۆڵ وپێگەی  عەرەبە سوننەکان لەسەر حسابی پێگەو مافە دەستووریەکانی کورد بەهێز دەکاتەوە. ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئێستا وئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم وئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستاندا . بەهێزبوونەوەی پێگەی تورکیای سوڵتان ئەردۆگان لەگەڵ ئەمریکای ترامپی بازرگان  لەسەر حسابی کورد دەبێت و بۆئەمەش ترامپ دەمێکە  دەستی بەدوورخستنەوەی هەموو ئەو ڕاوێژکارو بەرپرسانەی ئیدارەکەی کردووە کە هاوکارو هاوسۆزبوون لەگەڵ کێشەی کورد وەک چۆن  جۆن بۆڵتۆن و  برێت مەگۆرکی دوورخستنەوەو  کەسانی وەک جەیمس جیفری لەشوێنیان داناوە کە هاوسۆزو لانەگری لە گەشەپێدانی پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ تورکیای ئەردۆگانی دا دەکەن. 

هێرشی ئەمجارەی تورکیا لەجارانی پێشوو جیاواز ومەترسیدارترە. چونکە پشتیوانی هەرێمیی و ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیشی هەیە، بۆیە  ئەمجارە  ئامانجی ئەردۆگان  لە پەکەکە  فراونترە، کار بۆ ئەوە دەکات  بنکەسەربازی وئەمنیەکانی لە کوردستان زیاتر بکات و لەسەر خاکیش  گۆڕانێکی جیۆسیاسی دروست بکات و بەنزیکبوونەوی لەحکومەتی کازمیش  نفوزی خۆی لەعیراق زیاتر دەکا لەڕێی کردنەوەی دەوازەیەکی نوێی سنووری لەگەڵ عیراق بکاتەوە  وپێگەی خاڵی ئیبرایم خەلیل لاواز بکات.  بەمەش گوشارەکانی خۆی بۆ  سەر هەرێمی کوردسان زیاتر دەکا.

حکومەتی هەرێم و وئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردساندا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی بەهۆی لەشکرکێشیەکەی تورکیا لە عیراق و ناوچەکە دێتە پێشەوە زۆرنین،  کورد  لەسایەی ئابووریەکی لاوازو داتەپیوو بناغەیەکی داروخواوی کشتوکاڵی وبازرگانی  پیشەسازی و پەرتەوازەیی و خۆخۆری ناوخۆی هەرێم  لەڕوویسیاسی  ناتوانی  بە ئاسانی لە پێگەیەکی بەهێزەوە ڕووبەری بەرنامەی فراوانخوازی تورکیا و گوشارەدەستوریەکانی بەغدا بووەستێتەوە، بەتایبەتی کەبەهۆی ناردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە لەڕێی تورکیا ،  هەرێم شادەماری  ژیانی داراییی و جموجۆلی ئابووری وبازرگانی و مانەوەی قەوارەکەی و خەڵکەکەی  کەوتوتە بەر ڕەحمەتی گورگەکانی ئەنقەرە و گەمەیان لەگەڵ بەغدا.. بۆیە هەرێم بە ناچاری دەبێ خۆی لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارو  نەخوازراوەدا بگونجێنێ و بەناچاری هەندێک  واقیعی تاڵ لەبەغدا وئەنقەرە قبوڵ بکا،  کە ڕەنگە هەندێکان  لەسەر حیسابی گۆشەگیرکردنی زیاتری حکومەتی  هەرێم و لاوازکردنی پێگەی دەستووری دانوستکاری وەفدی کورد بێ لەگەڵ حکومەتی کازمیدا. دوورنیە تا ئاستی ئەوەش بڕوا کە ببێتە مایە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا بەسەر خاک و ئابووری و وئاسمان وسنووری هەرێمدا. بەتایبەتی کە کازمی بە ئاشکرا باس لەکۆنتڕۆڵکردنەوەی بەهێزی  دەروازە سنوریەکان دەکات.  ئێران و تورکیا عیراق  دەمێکە بەهیوای گەڕانەوەی دۆخی ناوچە ستووریەکانی هەرێمن  لەگەڵ تورکیا وئێران بۆ پێش ڕاپەرێنی 1991  بەمەش خواستی چەند ساڵەی هەریەک لە تاران بەغدا وئەنقەرە دیتە دی. هەرچەندە  ئەو لایەنانە  لەزۆر پرسی گرنگ وستراتیژی پەیوەست به هەژموونیان لەناوچەکەدا  ناکۆکیش بن بەڵام بۆ بچووکردنەوەی قەوارەی فیدراڵی هەرێم و ئیدارەی خۆسەر کۆک وتەبان وپێیان وایە کورد ودەسەڵاتەکەیان لەساڵانی ڕابردوو زیاد لە قەبارەی خۆیان فراوان بووە و ئەمەش وای کردووە کە خەونە گەورەکەیان لەڕێی ڕیفراندۆمەوە بکەن بە واقیع  و داوای جیابوونەوە بکەن وهەوڵی گۆڕێنی سنووری ناوچەکە بدەن. .کە ئەمە بەلای هەرسێ وڵات هێلی سوورەو مایەی قبوڵکردن نییە. .

دیارە ئەوەی کاری ئەو لایەنانەشی  ئاسان کردووە،  قوڵبوونەوەی ناکۆکی ناوخۆی لایەنە سیاسییەکانە بەتایبەت نێوان  یەکێتی وپارتی  وبەردەوامی قەیرانی ئابووری و دارایی هەرێم بەهوێ گەندەلی ڕێکخراو و نەبوونی پەیمانێکی کاری هاوبەشی نیشتمانی و نەتەوەیی نێوان پارچەکانی کوردستان و  نەبوونی زمانی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم  و (پەکە کە وپژاک)ە بۆ دۆزینەوەی  ڕێگەچارەیەکی گونجاو  کەهەم  ڕێی لە خەباتی رزگاریخوازی ئەوان نەگرێ و هەم ئەوانیش  ڕەچاوی دۆخی ناسکی هەرێم بکەن وبڕو بیانو بەئەنقەرەو تاران نەدەن تا گوشاری زیاتر  نەخەنە هەرێمی کوردستان.

PUKmedia تارق جەوهەر


Source link

About Hooshyar

Check Also

تەشەنەسەندنی بڵاوبوونەوە کۆرۆنا لەناو هەموو تەمەنەکاندا بەردەوامە، ژنە داعشێکی سویدی دەستگیرکرا 1 december kl 15.02 – Radio Sweden Kurdish – ڕادیۆی سوید – Radyoya Swêdê

بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید ڕۆژانی دووشەممە تا هەینی لە سەعات ١٦:٣٠ فایلێکی پۆد لەسەر …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *