Breaking News

ڕۆژنامەوانێک لە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی دەدرێت بە تۆمەتی هاندانی خەڵکی بۆ خۆپـیشاندان


ئێران دەڵێت سزای مەرگی بۆ ئەو ڕۆژنامەوانە دەرکردووە کە لە ساڵی 2017 نووسینەکانی لەسەر ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان یاریدەدەر بوون لە هاندانی خەڵکی بۆ خۆپـیشاندانی ناڕەزایی.

ڕوحوڵڵا زەم کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەژیا، هێشتا ڕوون نیـیە چۆن گەڕاوەتەوە ئێران، بەڵام لە مانگی دەی ساڵی 2019 هەواڵی دەستگیرکردنی ڕاگەیەندرا، ، دەسەڵاتدارانی ئێران چەند جارێک هێنایانە سەر تەلەفیزیۆن هەتا بڵێت کارێکی هەڵەی کردبوو و داوای لێبوردن دەکات.

غولام حوسەین ئیسماعیل، وتەبێژی دادوەری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە گوتی ڕوحوڵڵا زەم سزای مەرگ درا بە تۆمەتی خراپەکاری لەسەر زەوی (الافساد في الارض)، ئەمەش تۆمەتێکە زۆر جار دەسەڵاتدارانی ئێران ئاڕاستەی کەسێکی دەکەن ئەگەر بیانەوێت بە سیخوڕی یان هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران تاوانباری بکەن.

بەپـێی یاسا، ڕوحوڵڵا زەم دەتوانێت داوای پـیاداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکات کە لەلایەن دادگایەکی شۆڕشی ئیسلامیـیەوە دراوە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نازانرێت کێ پارێزەرەکەیەتی.

ڕوحوڵڵا زەم، تەمەن 42 ساڵ ڕۆژنامەوانێکی خەڵکی تارانە و لە میانەی ناڕەزایەتیـیەکانی ساڵی 2009 ی ئێران دەنگی خستە پاڵ خۆپـیشاندەران و بۆ ماوەیەک لە زیندانی ئەوین دەستگیرکرا و پاشان بەرەو فەڕەنسا هەڵهات. لەوێ ماڵپەڕی آمدنیوزی بەڕێوەدەبرد و لە ڕێگەی تێلگرامەوە بابەتەکانی بڵاودەکردەوە کە زۆر جار ڤیدیۆ و هەواڵ بوون جێی شەرمەزاری بوون بۆ کاربەدەستانی ئێران.

باوکی ڕوحوڵڵا زەم، محەمەد عەلی زەم، یەکێک لە مەلاکانی باڵی ناسراو بە ڕێفۆرم بووە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو پـۆستی سیاسی لە نێو حکومەتدا هەبوو. ساڵی 2017 لە کاتی خۆپـیشاندانەکاندا نامەیەکی بۆ میدیاکانی ئێران نارد و تیایدا ڕایگەیاندبوو پشتیوانی لە نووسین و پەیامەکانی کوڕەکەی ناکات.

خۆپـیشاندانەکانی ساڵی 2017کە ئێستا ڕوحوڵڵا زەملەسەریان سزای مەرگی بۆ دەرچووە، دەستیانپـێکرد لە پاش بەرزبوونەوەی لە ناکاوی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا. زۆر کەس لەو بڕوایەدان ئەوانەی بە توندڕەوەکانی ناو ڕژێمی ئێران ناسراون لە پشت هاندانی خەڵکی بوون بۆ ئەو خۆپـیشاندانانە تاوەکو لە دژی حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆمار بەکاریان بهێنن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتیـیەکان چەندین شاری ئێرانی گرتەوە و بووە ناڕەزایەتیـیەک لە دژی تەواوی ڕژێمی ئێران.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە میانەی ئەو خۆپـیشاندانانە 25 کەس کوژران و 5 هەزار کەسیش دەستگیرکران.

سەرچاوە: ئەسۆسییەت پرێس


Source link

About Hooshyar

Check Also

Kongreya MSDê îro li Hesekê birêve diçe (Rudaw)

Kongreya MSDê îro li Hesekê birêve diçe (Rudaw) Source link

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *