لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە


لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕادەگەیەنرێت بەڵام ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەڵکشاندایە و تا ئێستاش 200 كەس لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بەشێك لە هاووڵاتیان پێیان وایە چەند جارێکە كاربەدەستانی ناوچەکە بریاری قەدەغەی هاتوچۆ دەدەن بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڵام تا دێت ڕێژەكە لە بەرزبوونەوەدایە و بەردەوام حاڵەتی مردنیش تۆمار دەكرێت بۆیە پێیان وایە ڕەوشەکە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و ئیدی پێویستە خەڵك خۆی بپارێزێت و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

مەبەست لە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ چیە ؟ لە كاتێكدا كە خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لە نێو كۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە ؟

هێمن قادر گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت” وەكو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر گەیشتینە ئەو بڕیارەی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی تەواو لە سنوری پارێزگای هەولێر ڕابگەیەنین ئەویش بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هێواش بكات و دەرفەتێكیش بە پزیشك و تیمەكانی تەندروستی بدرێت تا بتوانن كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەو رێكار و قەدەغەی هاتوچۆیەی كە ڕامانگەیاندووە نابێتە هۆی لەناوچوونی ڤایرۆسەكە بەڵكو دەبێتە هۆی هێواش كردنەوەی بڵاوبوونەوەكەی تا بە لێشاو نەخۆش ڕوو لە نەخۆشخانەكان نەكەن.”

سەبارەت بە باری تەندروستی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، دكتۆر محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای گووت” بەداخەوە پازدە تا بیست حاڵەتمان هەیە باری تەندروستییان زۆر خراپە و حاڵەتەكانی دیكەش پێویستی بە پاڵپشتی و چارەسەری پلەی گەرمی و یارمەتیدانی هەناسەدانی هەیە و ئوكسجینی پێ بدرێت بەڵام ئەوەی كە ئێمە دەبینین ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ژمارەكان كەم نەبنەوە و ڕۆژانە زیادبێت لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت ئەوە ترسی ئێمەیە لەبەرئەوە ئێمە پێشنیاری قەدەغەی هاتوچۆمان كردووە چونكە دەبینین هێشتا ژمارەكان لەبەرزبوونەوەدان.”

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەروەها دەشڵێت” ئامانج لە قەدەغەی هاتوچۆ ئەوەیە كە هەر كاتێك بەریەككەوتن كەمتربوو ژمارەكان لە سفر نزیك دەبێتەوە و بەرەو كۆنتڕۆڵكردن دەچێت.”

سەبارەت بە سودەكانی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاژین تاها كارمەندی دەزگا ئەمنیەكان بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت” ئەگەر ترسی تووشبوونم نەبووایە بەو ڤایرۆسە تێستی دڵنیابوونم نەدەكرد تێستم كردووە چونكە هاتوچۆی دەرەوە و دەوام دەكەم و ترسێكی زۆر هەیە و كەرەنتینەكردن سودی نیە، لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە دوو مانگ كەرەنتینە كرا كەچی سودێكی وەهای نەبوو لە هەموو ئەو شوێنانەی بەریەككەوتنی خەڵك هەبووە لێی بڵاوبووەتەوە.”

جێی ئاماژەیە بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا گەیشتووەتە 5904 كەس و 200 كەسیش لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە نێویاندا 27 كەس لە سنوری پارێزگای هەولێر بەهۆی كۆرۆناوە مردوون و 170 كەسی تریش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەروەها 4 كەسی تریش لە پارێزگای هەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە، لە دوایین رێكارەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەدات بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ واتا لە ڕۆژی 30٠ / 6 / 2020 هەتا 4 / 7 / 2020 كە لە تەواوی ناو شار و قەزا و ناحیە و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت و هاوولاتیان پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەبن.


Source link

About Hooshyar

Check Also

Hijmara Tîrmehê ya Serxwebûnê derket

Hjmara Tîrmehê ya Serxwebûnê bi manşêta, ”Giyanê Şoreşger ê Tîrmehê di Şerê Şoreşgerî yê Gel …

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *