پێویستە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ پشتیوانییەکی تۆکمە لە حکومەتەکەی کازمی بکات


هێرشکردنە سەر بارەگاکانی ئەو لایەنە میلیشیاییانەی لە عێراقدا سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ڕێگە لێگرتنیان لەوەی چییدی بتوانن یاری بە ڕەوشی ئاسایشی و سیاسی عێراق بکەن، هەر تەنها جێبەجێکردنی پەیمانەکانی سەرەک وەزیری عێراق نییە، بەڵکو دەکرێت وەک جێبەجێکردنی بەشێکیش لە داواکارییەکانی ڕای گشتی عێراقییەکانیش سەیر بکرێت.

شیکەرەوە ئەم هەنگاوەی موستەفا ئەلکازمی بە هەنگاوێکی بوێرانە ناودێر دەکەن لە نێو ئەو ڕەوشەی عێراقی تیادایە.

بەڕێوبەری نێوەندی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە ستانی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا، لەو بڕوایەدایە موستەفا ئەلکازمی لەم چەند هەفتەیەی لە ئۆفیسدایە، نیشانی داوە کە سوورە لەسەر گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ حکومەتی نیشتمانی عێراق و بە تایبەتیش ئەوەی نیشانی ئێرانییەکان داوە کە ناتوانن هەرچییەکی دەیانەوێت لە عێراقدا بیکەن.

دکتۆر دانێل پایپس دەڵێت، پەیامی کازمی بۆ ئێران ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام بەرەنجامی ئەو هەوڵانەی سەرەک وەزیری عێراق سەرکەوتوو دەبن یان نا، هێشتا نازانرێت.

دکتۆر پایپس دەڵێت هێشتاش حکومەتەکەی کازمی ڕووبەڕووی ژمارەیەک کێشە و ئاستەنگ دەبێتەوە؛ لەوانە، پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، داڕمانی نرخی سوتەمەنی، تەنگژە تایفەییەکان، بوونی داعش لە عێراقدا و دەشڵێت “وێڕای هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کێشەکانی تریش لەم 15 ساڵەی ڕابردوودا بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایەتی لە بەغدادا، دەبینین کار و کاتێکی زۆری پێدەوێت بۆ هەبوونی حکومەتێکی نیشتمانیانەی عێراقی کە بتوانێت باڵادەستی خۆی بسەپێنێت بەسەر تەواوی ناوچەکانی عێراقدا.”

بەڕێوبەری نێوەندی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەڵێت لە ئێستادا خاڵە گرنگەکە ئەوەیە، پەیامەکەی کازمی بە روونی و ئاشکرایی گەیشتۆتە دەسەڵاتدارانی ئێرانی و دەشڵێت ” لێدانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا لە کاتێکی زۆر باش و گونجاویشدا بووە بۆ بەغدا چونکە حکومەتی ئێران لە بار و ڕەوشێکی لاوازدایە.”

دکتۆر پایپس دەڵیت ئەوەی کازمی لە عێراقدا کردی ڕێک ئەو هەڵوێستەیە کە ئەمریکا دەیخوازێت بیبینێت لە رەهەندی سەروەریی بۆ عێراق.

تەنها یەک ڕۆژ پاش هێرشی هێزە عێراقییەکان بۆسەر کەتائیبی حزبوڵا و دەستگیرکردنی دەیان کەس، لایەنە میلیشیاییەکان، حکومەتەکەی موستەفا ئەلکازمییان گوناهبار دەکرد بەوەی کارنامەی ئەمریکا جێبەجێدەکات.

ئەم جۆرە لێدوانانە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی نابێتە بەشێک لە ململانێی هیچ دوو وڵاتێک بە ئەمریکا و ئێرانیشەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشدا دەوێت کە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی هاوبەش بێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر دانێل پایپس، بەڕێوبەری نێوەندی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە ستانی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:


Source link

About Hooshyar

Check Also

Aqilmendê Gund û Çareserî – RiaTaza

Nivîskarekî me nimûneyeke zargotinê belav kirîye, çend kes jî ser wê nivîsê fikra xwe gotine. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *