ئەپڵ iPhone SE ـی نوێی بە پڕۆسێسەری A13 Bionic و نرخی دەستپێکی 399$ ـەوە ڕاگەیاند

ئەپڵ
15, نیسان 2020

کەمێک بەر لە ئێستا، ئەپڵ کۆتایی بە دەنگۆ و پڕوپاگەندە درێژخایەنەکان هێنا و سەرئەنجام iPhone SE ـی نوێی بە پڕۆسێسەری A13 Bionic و نرخی دەستپێکی 399$ ـەوە ڕاگەیاند.

دیزاینی iPhone SE لە پشتەوە و پێشەوە، هاوشێوەی iPhone 8 ـی ساڵی 2017 ـە، تەنها ئەوە نەبێت کە لۆگۆی ئەپڵ لە سەرەوە هاوشێوەی iPhone 11 هێندراوەتەوە ناوەڕاست و نووسینی iPhone ـیش لە خوارەوە لابراوە. خاوەن ڕوونمایەکی بچکۆلانەیە بە قەبارەی 4.7 ئینج لە جۆری IPS LCD Retina بە هەبوونی تایبەتمەندی True Tone و لە پێشەوە خاوەن دوگمەی فیزیایی گەڕانەوەی ناسراو بە (هۆم) ـە و هەستەوەری پەنجەمۆری لەسەر جێگیرکراوە.

بێگومان لە تایبەتمەندییەکاندا لە iPhone 8 ناچێت. بە پڕۆسێسەری Apple A13 Bionic ـی سەر iPhone 11 ـەکانی پار ساڵ بەهێز کراوە و خاوەن بیرگەی ناوەکی 64 و 128 و 256 گێگابایتییە.

مۆبایلی iPhone SE لە پشتەوە خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 12 مێگاپێکسڵ، کە پشتگیری لە تایبەتمەندییەکانی HDR و Portrait Mode دەکات و توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەیە بە ڕوونی 4K. لە پێشەوەش خاوەن کامێرایەکە بە ڕوونی 7 مێگاپێکسڵ. ئەمە نموونەی وێنەیەکی چرکێندراوە بە مۆبایلەکە:

مۆبایلەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro ـی پار ساڵ یەکەم مۆبایلی ئەپڵ بوون کە پشتگیری لە Wi‑Fi 6 بکەن، iPhone SE ـی نوێش پشتگیری لە تەکنەلۆژیای 802.11ax Wi‑Fi 6 دەکات. هەروەها پشتگیری لە تایبەتمەندی “Express Cards with power reserve” دەکات بۆ بەکارهێنانی ئایفۆن وەکو کارت.

ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن 2 شوێنی سیمکارتە، هەروەها کێشی 148 گرامە و پانیشی 7.3 میلیمەترە. خاوەن بڕوانامەی IP67 ـە بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو.

بە هەرحاڵ، ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن چیپی Ultra Wideband نییە، کە چیپەکە وا دەکات پەیوەندی مۆبایلەکە لەگەڵ ئامێرەکانی چواردەوری باشتر بکات.

نرخی ئایفۆنە نوێیەکە لە 399$ دەستپێدەکات و بە ڕەنگەکانی ڕەش و سپی سوورەوە بەردەست دەکرێت. لە ئەمڕۆوە بەردەست دەبێت بۆ کڕین بە شێوەی داواکاری پێشوەختە و لە 24 ـی ئەم مانگەشدا ڕەوانەی کڕیارە پێشوەختەکان دەکرێت و لە کۆگا فەرمییەکانی ئەپڵ بەردەست دەکرێت بۆ کڕین.

About ماکوان بەرزان

Check Also

بە فەرمی پۆکۆ وادەی نمایشکردنی مۆبایلی Poco M3 ئاشکرا کرد – کەی ئای تی ئێن

شاومی 19, تشرینی دووه‌م 2020 ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە پۆکۆ لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *