مۆبایل و تابلێت
7, نیسان 2020
هەفتەی ڕابردوو بەڕێز Pete Lau، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای وەنپڵەس دڵنیایی دا کە مۆبایلی داهاتوویان خاوەن بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرا دەبێت، ئەویش OnePlus 8 Pro دەبێت، ئەمەش دەبێتە یەکەمین جار کە مۆبایلێکی وەنپڵەس خاوەن ئەو تایبەتمەندییە ببێت.
بەڕێوەبەرەکەی وەنپڵەس ئاشکرای کرد کە تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای مۆبایلەکانی OnePlus 8 بە توانای 30 وات دەبێت و لە توانایدا دەبێت بە 30 خولەک تاوەکو 50% مۆبایلەکە بە بێ وایەر بارگاوی بکاتەوە. بەمەش توانای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای مۆبایلەکە لە مۆبایلەکانی سامسۆنگ و ئەپڵ زیاتر دەبێت، بەڵام پێشتر کۆمپانیاکانی شاومی و ئۆپۆ تەکنەلۆژیای بارگاویکردنەوەی بێوایەری خێرای 30 وات و زیاتریان بەکارهێنابوو، هەر بۆیە شتێکی نوێ نییە.
هەروەها وەنپڵەس ئامێری بارگاویکەرەوەی بێوایەری خێرا لەگەڵ مۆبایلەکە بەردەست دەکات، دەگوترێت نرخی ئامێرەکە 70€ دەبێت.
پێشتر تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکان دزەیان پێکرابوون و دەرکەوت کە خاوەن پڕۆسێسەری Qualcomm Snapdragon 865 دەبن و بۆ یەکەمجار جۆرە Pro ـیەکەی پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی بێوایەر دەکات و خاوەن بڕوانامەی IP68 دەبێت بۆ بەرگری لە بەرانبەر تۆز و ئاو، کە تاوەکو ئێستا هیچکام لە مۆبایلەکانی وەنپڵەس خاوەن ئەو دوو تایبەتمەندییە نەبوون.
زنجیرە مۆبایلەکانی OnePlus 8 لە ڕێکەوتی 14 ـی ئەم مانگەدا نمایش دەکرێن.