چاپی سێ ره‌ھه‌ندی به ته‌کنۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت ده‌وترێت که تێیدا دهمهپرژێنێک مه‌وادی لکێنه‌ر یان که‌تیره‌یی ده‌پرژێنێته سه‌ر چینێک تۆز و به دووپات کردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌م کاره چین له‌سه‌ر چین، وێنه‌ی به‌رجه‌سته‌ی مه‌به‌ست پێک ده‌ھێنێت.
به واتایه‌کی دیکه چاپی به‌رجه‌سته ھه‌مان چاپی دوو رهھهندیه که چه‌نھا جار دووپات ده‌بێته‌وه.
بۆ روون بوونه‌وه‌ی زیاتر ده‌توانین ئه‌م ته‌کنۆلۆژیا ھاوشێوه بکه‌ین له‌گه‌ڵ له‌سه‌ریه‌ک دانانی خشت بۆ درووست‌کردنی خانوو؛ ئه‌گه‌ر سه‌یری شێوازی ھه‌ڵچنینی دیواری خشت بکه‌یت ده‌زانیت وه‌ستا خشته‌کان، یه‌ک به یه‌ک له ریزێکدا داده‌نێت و پاشان تێکه‌ڵه‌یه‌ک ده‌ڕژێنێته سه‌ر ئه‌و رێزه و جارێکی دیکه، یه‌ک به یه‌ک خشتی له‌سه‌ر داده‌نێته‌وه و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م کاره تا گه‌یشتنی دیوار بۆ ئاستی به‌رزیی و شێوه‌ی مه‌به‌ست. کاری «ته‌کنۆلۆژیای چاپی سێ ره‌ھه‌ندی » ھاوتای ئه‌م شێوه دیوارھهڵچنینهیه. مه‌واده‌کان توێ له‌سه‌ر توێ ده‌خرێنه سه‌ر یه‌ک و به شێوازی جۆراوجۆر توند ده‌کرێنه‌وه و پته‌و و قایم بوونی شیاو وه‌رده‌گرن.
ھه‌ندێک جار مه‌وادی پلاستیکی ده‌توێنرێنه‌وه و له رێگای دهمهپرژێنهوه له سه‌ر یه‌ک داده‌نرێن. ھه‌ندێک جاریش مه‌وادی «شله» یان تۆزی «به‌ستوو» توێ بۆ توێ داده‌نرێن و له رێگای تیشکی سه‌روو به‌نه‌وش یان لێزرهوه یان به پرژاندنی مه‌وادی لکێنه‌ر، شێوه‌ی مه‌به‌ست درووست ده‌کرێت.
خاڵه به‌ھێزه‌کانی ته‌کنۆلۆژیای چاپی سێ ره‌ھه‌ندی
خێرایی له به‌رھه‌مھێناندا
له چاپ کردنی سێ ره‌ھه‌ندی دا، به پێچه‌وانه‌ی شێوازی وه‌کوو داڕێژکاریی پێویست ناکات به درووست‌کردنی قاڵب و گۆڕانکاری له ھه‌موو ره‌وتی به‌رھه‌مھێناندا بۆ به‌رھه‌می نوێ! به‌ڵکوو به ساز کردنی یه‌ک سه‌رمه‌شقی سێ ره‌ھه‌ندی، کاری به‌رھه‌مھێنان ده‌ست پێ ده‌کات.
زبڵی که‌متر
به ھۆی ئه‌وه‌ی پرینته‌ری به‌رجه‌سته له سفره‌وه ده‌ست پێده‌کات بۆ درووست کردن و چین له‌سه‌ر چین به ته‌نیا ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ر یه‌کی دا ده‌نێت، فڕێدانێکی که‌متری مه‌وادی ھه‌یه له چاو دیکه‌ی شێوه‌کانه‌وه که له قه‌باره‌یه‌کی گه‌وره‌وه ده‌ست پێده‌که‌ن تا ده‌گه‌ن به شێوه‌ی مه‌به‌ست.
خه‌رجی که‌متر
ھه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێته ھۆی ئه‌وه‌ی تێچووی به‌رھه‌مھێنان زۆر که‌متر بێت له چاو دیکه‌ی شێوهکانهدا.
توانایی به‌رھه‌مھێنانی شێوه ئاڵۆزه‌کان
شێوازی چاپی سێ ره‌ھه‌ندی توانایی ھه‌یه بۆ به‌رھه‌مھێنانی قه‌باره و به‌رھه‌می زۆر تێکه‌ڵ که درووست کردنیان له دیکه‌ی رێگاکانی به‌رھه‌مھێنانه‌وه ئه‌سته‌م ده‌نوێنێت. بۆ نموونه سه‌رنجی شێوه‌ی خواره‌وه بده‌ن که پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی به ئاسانی درووستی ده‌کات به‌ڵام له دیکه‌ی شێوه‌کاندا زۆر دژوار یان ئه‌سته‌مه.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی و کاراییه‌کانی
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی ژینی
چاپی سێ ره‌ھه‌ندی ژینی، ره‌وتێکه بۆ نه‌خشه‌کێشان و پێک‌ھێنانی بیناسازیه ئاڵۆزه‌کان. به شێوه‌ی گشتیی «پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی ژینی» که‌ڵک وه‌رده‌گرێت له شێوازی چین به چین بۆ رۆنانی مه‌وادێک که به ناوی «مه‌ره‌که‌بی ژینی»ه‌وه ناسراون بۆ داڕشتنی قه‌واره‌ی شێوه ته‌نراو.
چاپی سێ ره‌ھه‌ندی ژینی، کارتریج یان کۆگایه‌کی ھه‌یه بۆ ھه‌ڵگرتنی مه‌ره‌که‌بی جۆراوجۆر و سه‌باره‌ت به درووست کردنی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه، مه‌ره‌که‌بی بایۆلۆژێکی تێدایه. پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی ژینی له رێگای ده‌رزیه‌کانی سه‌ر به‌سته‌ری چاپه‌وه و به پێی سه‌رمه‌شقی دیاری کراو، ده‌ست ده‌کات به چاپ کردنی یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی مرۆڤ؛ وکوو گورچیله، گوێ، لووت، ئێسک و دڵ.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی له چێشت لێناندا
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی مه‌وادی خوارده‌مه‌نی، به شێوه‌ی داگوشینی توێ له‌سه‌ر توێی خواردنه‌کان، به شێوه‌ی سێ ره‌ھه‌ندی خۆراک پێکدێنێت. جۆره‌ھا خواردنی وه‌کوو شۆکۆلاته، نوقڵۆکه، معکارونی و پیتزا ھه‌ڵبژارده‌یه‌کی باشن بۆ ئاماده کردن له‌م رێگایه‌وه.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی له دیزاین و مۆده‌دا
چاپی سێ ره‌ھه‌ندی به ده‌ستی دیزاینه‌ره‌کانی مۆده‌وه ھاته نێو جیھانی جلوبه‌رگه‌وه و به‌رھه‌می وه‌کوو پێڵاو و جلوبه‌رگ له رێگای پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی وه ساز کرا. کۆمپانیای «نایک» له به‌رھه‌می بازرگانیدا که‌ڵکی له پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی وه‌رگرت بۆ درووست کردنی نموونه‌ی یه‌که‌می پێڵاو بۆ یاریزانانی فتبۆڵی ئه‌مریکی.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی له ئۆتۆمبێل سازیدا
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی له نه‌خشه‌کێشان و درووست کردنی ئۆتۆمبێل، کامیۆن و فڕۆکه‌دا به کار ھاتوه.
له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤دا کۆمپانیایه کی ئه مریکی رایگه‌یاند یه‌که‌مین ئۆتۆمبێلی چاپکراوی سێ ره‌ھه‌ندی به‌رھه‌م ھێناوه که زۆرینه‌ی پارچه‌کانی به پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی ساز کراون. ھه‌روه‌ھا له ساڵی ٢٠١٤ دا کۆمپانیای “لوکال موتورز” ئامێرێکی ھاتوچۆی به که‌ڵک گرتن له پلاستیک و فیبرۆکاربۆن خسته بازاڕه‌وه که به ته‌واوه‌تی له رێگای چاپی سێ ره‌ھه‌ندی به دیھێنرابوون. له ساڵی ٢٠١٥دا کۆمپانیا ئێرباس رایگه‌یاند فڕۆکه‌یه کی نوێ بریتی له یه‌ک ھه‌زار پارچه‌ی به‌رھه‌مھێنراو له رێگای پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی وه. ھه‌ر له‌م ساڵه‌دا فڕۆکه سه‌ربازیه‌کانی یۆرۆ فایتهری ھێزی ئاسمانی شاھانه، به پارچه چاپکراوه‌کانی پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی وه، ھاتنه فڕین.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی بۆ نه‌شته‌رگه‌ری
به کارھێنانی پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی له نه‌شته‌رگه‌ریدا له ساڵه‌کانی ١٩٩٠ـه‌وه ده‌ستی پێ کرد که تێیدا بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بنیات نانه‌وه‌ی ئێسک، که‌ڵکیان له نموونه‌ی شیکاریی وه‌رده‌گرت. درووست کردنی ئامێری تایبه‌تی چاندنی شانه‌ی زیندوو له نێو له‌شدا له ئاکامی گه‌شه‌ی به‌کارھێنانی ته‌کنۆلۆژیای چاپی به‌رجه‌سته له بواری پزیشکیدا فه‌راھه‌م کرا. له مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ دا پزیشکانی پسۆڕی نه‌شته‌رگه‌ریی له سوانسی، بۆ بنیات نانه‌وه‌ی روومه‌تی ماتۆڕسوارێک(که له رووداوێکی ھاتوچۆدا به سه‌ختی بریندار بووبوو) که‌ڵکیان له پارچه‌یه‌کی چاپکراو به پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی وه‌رگرت. له مانگی ئایاری ٢٠١٨‌دا چاپی به‌رجه‌سته به‌کارھێنرا بۆ چاندنی گورچیله بۆ رزگار کردنی کوڕێکی سێ ساڵان.
پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی و په‌روه‌رده
چاپی سێ ره‌ھه‌ندی و به تایبه‌ت «پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی سه‌رچاوه کراوه» نوێترین ته‌کنۆلۆژیای به‌کارھێنراون له وانه وتنه‌وه‌دا. ھه‌ندێک له نووسه‌ران پێیان وایه پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی گۆڕانکاریه‌کی بێ وێنه‌یه له فێرکاریدا. زمانحاڵی ئه‌م جۆره بانگه‌شه‌یه توانای ھاوشێوه‌سازی له‌لایه‌ن قوتابیانه‌وه‌یه به تێچوویه‌کی که‌م و ئاستی به‌رزیی خێرایی له وانه‌کاندا و ھه‌روه‌ھا پێک‌ھێنانی ئامرازی ھه‌رزان به‌ھا به کوالێتیه‌کی به‌رزه‌وه.
ئه‌مڕۆکه پرینته‌ری سێ ره‌ھه‌ندی زیاتر له زێڕ و فڕۆکه، بۆ درووست کردنی خانووی ھه‌رزان نرخ له وڵاتانی دواکه‌وتوودا به کارده‌ھێنرێت. داھێنه‌ران سه‌رقاڵی که‌ڵک وه‌رگرتنی ئه‌م ته‌کنۆلۆژیان بۆ چاپ کردنی سێ ره‌ھه‌ندی ھه‌موو شت؛ له چه‌کی رۆبۆتیکی زیره‌که‌وه بگره تا شوێنگره‌وه‌ی ئێسک و ته‌نانه‌ت ته‌نۆلکه‌یه‌ک به ئه‌ستووریی ئه‌تۆمه‌وه.